وەزارەتی پێشمەرگە: داوای لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی لەدژی پێشمەرگە دەکرێت

 وەزارەتی پێشمەرگە: داوای لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی لەدژی پێشمەرگە دەکرێت
بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیر و هۆشیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات تادێت نیگەرانی لەسەر بەکارهێنانی چەکی ئەمریکی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە زیاتر دەبێت و داواش کراوە لەو بارەوە ڕوونکردنەوە بدرێت.

هەڵگورد حیکمەت گوتی: "لەسەر بەکارهێنانی تانکی ئابرامز نیگەرانی زۆر دروست بووە، بەتایبەت چۆن ئەو چەکە دەکەوێتە دەست حەشدی شەعبی، بۆیە داوا کراوە لەو بارەوە ڕوونکردنەوە بدرێت".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشی گەیاند: "خۆشمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا و بەتایبەت کونسووڵخانە و نوێنەرە سەربازییەکانیان داوامان کردووە ڕوونکردنەوەمان پێ بدرێت و دوێنیش لە چاوپێکەوتنێکدا سەرۆک بارزانی لەو بارەوە دەڵێت: "ئەو شتەی زۆر تووشی سەرسووڕمانی کردم ئەوە بوو، کە ئەوانەی ئەمریکا بە تیرۆریست وەسفیان دەکات، بەبەر چاوی ئۆفیسەر و بەرپرسی ئەمریکییەوە بە تانک و چەکی ئەمریکی پەلاماری ئێمەیان دا!" بۆیە رەنگە لە داهاتوودا وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەست بکەوێت، چونکە ئەوەی کراوە زۆر مەترسیدارە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "حەشد هێزێکی زۆری هێناوە بۆ پردێ و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنووری پێشمەرگە، بۆیە داواکارین لە ئەمریکا لە ئێستاوە ئاگادار بێت لەسەر بەکارهێنانی ئەو چەکە لەدژی پێشمەرگە".











باسنیوز
Top