هەولێر.. کەمپینێک بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی مەخموور رادەگەیەندرێت

 هەولێر.. کەمپینێک بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکانی مەخموور رادەگەیەندرێت
ژمارەیەک گەنجی چالاکوانی مەدەنی کەمپینێک لە شاری هەولێر، بۆ کۆ کردنەوەی کۆمەک بۆ ئاوارەکانی شارۆچکەی مەخموور، رادەگەیەنن.

کەمپینەکە رۆژی هەینی 10/11/2017 دەستی پێ کردووە و ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت، رۆژانە هاووڵاتییان دەتوانن لە کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانییەوە تا 10ـی شەو، هاوکارییەکانیان بگەیەنن.

هاوکارییەکان لەبەردەم پارکی شانەدەر بۆ ئاوارەکانی مەخموور کۆ دەکرێنەوە، کە بەهۆی داگیرکاریی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک، مەخموور و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی ئەو داگیرکارییەوە نزیکەی 200 هەزار هاووڵاتیی ئاوارەی هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بوون.

رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.

حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.









باسنيوز
Top