لە سلێمانی چلەی ماتەمینی کەریم زەندی مێژوونووس بەڕێوە چوو

لە سلێمانی چلەی ماتەمینی کەریم زەندی مێژوونووس بەڕێوە چوو
ئەمڕۆ پێنج شەممە، 2017/11/9 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپڕسانی حزبی و حکوومی لە زانکۆی سلێمانی، چلەی ماتەمینیی جوگرافیناس و گەڕیدە و مێژوونووسی ناسراوی کورد کەریم زەند، بەڕێوە چوو.

فەرەیدوون عەلی فەنی، ھاوڕێ و خوێندکاری کەریم زەند، ڕایگەیاند: "مامۆستا کەریم زەند، پیاوێکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و مێژوونووسێکی بەنرخی گەلی کورد بوو، بێگومان بەھۆی پەڕتووکە ناوازەکانییەوە، جوگڕافیای کوردستانی بۆ ھەر چوار پارچەی کوردستانی نووسیوە.

فەرەیدوون عەلی گوتیشی: "ژیانی ئەو کەڵە مێژوونووسەی گەلی کورد ھەمووی لە دەربەدەری و زەلکاوەکانی خوارووی عێرقدا بووە و ھەموو گوندەکانی ھەر چوار پارچەکەی کوردستان، گەڕاوە بۆ ئەوەی بە شێوایەکی ئەکادیمی مێژووی کوردستانی گەورە بنووسێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد: "جێگەی مامۆستا کەریم زەند، بە ھیچ شتێک پڕ نابێتەوە، چونکە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا شارەزا و لێھاتوو بووە، لەگەڵ ئەوەشدا یەکەمین مامۆستای زمانی کوردیی کۆماری کوردستان بووە، دواجار پێشەوا قازی محەمەد، کڵاوێکی بە دیاری پێدابوو کە تا ئەو ساتەی ماڵاوایی لە ژیان دا کرد، کڵاوەکەی قازی محەمەدی لەسەری لانەبرد.

کەریم زەند ساڵی ١٩٢٤ لە سلێمانی لەدایک بووە ‎خوێندنی ئایینی و سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواو کردووە و ساڵی ١٩٤٤ خانەی مامۆستایانی بەغدای تەواو کردووە، ‎ساڵی ١٩٤٦ بەشداری لە کۆماری کوردستان کردووە و دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد چووەتە یەکێتی سۆڤیەت.

‎خاوەنی دەیان کتێبە لە بوارەکانی مێژوو، جوگرافیا و بابەتی دیکە.

کتێبی "تۆماری تەمەن" کە لە (٥) بەرگ پێکهاتووە باس لە جوگرافیا و شێوەزاری میللەتانی کوردستان دەکات. ‎یەکەم کەسە کە کتێبی ئینجیلی کردووەتەوە کوردی.

کاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی 2017/10/10 ئەمساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.











باسنیوز
Top