دۆستێکی مام جەلال: چاوپۆشی بکرێ گرووپی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی خیانەتی دیکەش دەکەن

 دۆستێکی مام جەلال: چاوپۆشی بکرێ گرووپی 16ی ئۆکتۆبەری یەکێتی خیانەتی دیکەش دەکەن
نووسەر و ڕۆشنبیر و پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دۆستێکی نزیکی مام جەلالیش بووە، داوای لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهور جەنگی و ئاسۆ مامەند) کرد، ”وەڵامی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر بدەنەوە. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەو گرووپە هەڕەشەی دوو ئیدارەییان لە سەرکردایەتیی یەکێتی کردووە.

لەبارەی گرووپی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە کە کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان ڕادەستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرد، فەرید زامدار، نووسەر و ڕۆشنبیر و پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتی کە یەکێک بووە لە دۆستە نزیکەکانی مام جەلال، ڕایگەیاند: ”لاھور جەنگی و پاڤڵ تاڵەبانی و ئاسۆ مامەند، دەبێ وەڵامی خیانەتی 16ی ئۆکۆتبەر بدەنەوە و ئەوان بەرپرسیارن“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ”ئەگەر ئەم خیانەتە دابپۆشرێت، ئەوان خیانەتی دیکەش دەکەن، بەردەوام دەبن لەخیانەتی گەورەتر، بۆیە دەبێ یەکێتی ئەو گرووپە دەربکات، چونکە مەترسی دەکرێت پەنا بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی بەرن“.

فەرید لە میانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتیدا، بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی داوای ئەوەی کردووە کە ئەو کەسانەی کەرکووکیان ڕادەست کرد، ”لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و دادگایی بکرێن“. زامدار دەڵێت: ”لە ئەنجامی ئەو داواکارییە، ئێستا ئاژاوە دروست بووە و ئەو گرووپەی کە 16ی ئۆکتۆبەریان دروستکرد، ھەڕەشەی دووئیدارەییان کردووە، ئەم ھەڕەشەیە بۆ یەک شتە، تەنیا بۆ ئەوەیە کە ھیچ ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی نەوێرێت باسی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر بکات".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.










باسنیوز
Top