پەرلەمانتارێکی یەکێتی: پەرلەمانتارە کوردەکان ھەڵەیەکی مێژووییان کرد كه‌ دەنگیان بە یاسای حەشدی شەعبی دا

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: پەرلەمانتارە کوردەکان ھەڵەیەکی مێژووییان کرد كه‌ دەنگیان بە یاسای حەشدی شەعبی دا


پەرلەمانتارێکی یەکێتیی نیشتمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێ حەیدەر عەبادی، چاوی بڕیوەتە ئاوەدانی کوردستان، ئێستاش عەبادی و مالکی لە یەک سەنگەردان بۆ دژایەتی کردنی خەڵکی کوردستان.

سالار مەحمود، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان، ، ڕاگەیاند: "حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق جێبەجێکاری ئەو ڕقەیە کە لەدوای ساڵی 2005 تاوەکو ساڵی 2017 دەرھەق بە خەڵکی کوردستان دەیکات، ئێستاش عەبادی نوێنەرایەتی ئەو باڵە شۆڤێنیە دەکات، کە چاوی بڕیوەتە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان، چونکە پێی وایە لەسەر حسابی عێراق ھەولێر و دھۆک و سلێمانی ھەڵەبجە، ئەو گەشەکردنەی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە ھەوڵی وەستاندنی ئەو گەشە کردنانەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەدات".



ڕاشیگه‌یاند: "چەند ساڵێک پێش ئێستا سوپای عێراق بەبێ تەقە مووسڵی ڕادەستی چەکدارەکانی داعش کرد دواتر داعش ئەو پارێزگا فراوانەی کرد بە وێرانە بەڵام ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی پێکھاتەی شیعە کە خودی عەبادی بەشێکی گرنگە لە پێکھاتەی شێعەکان".



سالار مه‌حمود پێیوایه‌ كه‌ عەبادی و مالیکی لە یەک سەنگەردان بۆ دژایەتی خەڵکی کوردستان و گوتیشی: "ھەرکەسێکیش تێڕوانینی عەبادی و مالیکی دەرھەق بە خەڵکی کوردستان جیابکاتەوە، شارەزای مێژووی ئەو دوو کەسە نییە بۆیە باشتروایە ئێمە سوربین لەسەر مافی چارەنووس دواجار باجەکەشی ھەرچی بێت، ئاساییە ئەگەر بیدەین".



په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی یه‌كێتی زیاتر گوتی: "ئێمە ناتوانین تاسەر لەگەڵ ئەو عێراقەدا بژین، چونکە تازە خوێن لەنێوانماندا ڕژواوەو ھیچ کەسێکیش ناتوانێ دەستبەرداری کەرکووک بێت".



جه‌ختشیكرده‌وه‌ كه‌ حەشدی شەعبی، دەستی سوورە بە خوێنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەجۆرێک دەیان پێشمەرگە بەدەستی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی شەھید کراوە ده‌شڵێ: "ئەو پەرلەمانتارانەی دەنگیان بە یاسایی حەشدی شەعبی داوە، ھەڵەیەکی گەورەی مێژوویان کردووە، ھەروەھا ئەو لایەنانەی دەنگیان بە یاسایی حەشدی شه‌عبی داوە، ئێستا کاتێک ڕووداوەکانی کەرکووک و خورماتوو دەبینن په‌شیمانیی خۆیان لەو بڕیارە دەردەبڕن".
bas news-
Top