كۆمەڵەیەك بۆ خزمەتكردنی كوردانی ئەڵمانیا لە بەرلین پێك هێندرا

كۆمەڵەیەك بۆ خزمەتكردنی كوردانی ئەڵمانیا لە بەرلین پێك هێندرا
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، كۆمەڵەیەك بە ناوی (كۆمەڵەی كورد لە ئەڵمانیا) پێك هێندرا و، ئەندامێكی كۆمەڵەكەش دەڵێت، پێكهێنانی ئەو كۆمەڵەیە بۆ خزمەتكردنی كوردانی دانیشتووی ئـەڵمانیایە لە‌ تەواوی بوارەكاندا و، ئامانجیشی پتەوكردنی پەیوەندییە لە نێوان كورد و ئـەڵمانیادا‌.

(ئەڤشەنگ شەرەفكەندی)، چالاكوان و یەكێك لە ئەندامانی كۆمەڵەكە، لە بەرلینەوە ‌بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''بە ئـامادەبوونی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا و چالاكوان و هونەرمەندانی دانیشتووی بەرلین، كۆمەڵەیەك بە ناوی (كۆمەڵەی كورد لە ئـەڵمانیا)، لـە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانتاری ئەڵمانیا (عەلی ئیرتان تۆپراك) پێك هێندرا و، هەرسێ ساڵ جارێكیش دەستەیەكی نوێ لەسەر بنەمای زیرەكی و چالاكیی كەسەكان دیاری دەكرێت، كە چۆن خزمەتی كورد دەكەن.''

(شەرەفكەندی) لەبارەی ئامانجی پێكهێنانی ئەو كۆمەڵەیەوە گوتی: ''پێكهێنانی ئەو كۆمەڵەیە بۆ خزمەتكردنی كوردانی دانیشتووی ئـەڵمانیا و بەرێوەبردنی كاری هونەری و سیاسی و مەراسیمە گرینگەكانی كوردە و، هەروەها بۆ باشتركردنی پەیوەندیی كورد و ئـەڵمانیایە و خزمەتكردنە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ڕەوشی ژیانی كوردان لەو وڵاتە و بەدەستهێنانی دەستكەوت و ماف بۆ دانیشتووانی ئـەو وڵاتە.''

ئەندامەكەی ئەو كۆمەڵەیە دەشڵێت: ''بەرنامەمان داناوە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا لە تەواوی بوارەكاندا چالاكی بكەین، بە خۆشحاڵییەوە ئـەو كۆمەڵەیە لە لایەن ئـەندامانی پەرلەمان و دامودەزگا حكوومیەكانی ئـەڵمانیاوە پشتوانیی لێ كراوە و پێكهێنانی ئەو كۆمەڵەیەشیان بەرز نرخاند.''
kdp-
Top