بارزانی: كوردستان نابێتە بەشێك لەو شەڕە تایفییەی لەناوچەكەدا لە ئارادایە
ئەو وتانەی بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەیەكیدا هات كە ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی كوردی سووریا و سكرتێر و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی كوردی سووریا سازیكرد.
بارزانی ئاماژەی بەهەڕەشەكان هزری توندڕەوی و تیرۆر كرد لەناوچەكەدا، وتی "جیهان بۆ تێكشكاندنی تیرۆرو لەناوبردنی هزری تیرۆر پێویستی بە گەلی كوردستانە".
وتیشی، " كوردستان هەرگیز نابێتە بەشێك لەو شەڕە تایفییەی لەناوچەكەدا لە ئارادایەو ئەو ململانێیە بووەتە بەڵا بۆ ئاسایشی ناوچەكە و جیهان".
بارزانی رونیشكردەوە، بڕیارو داهاتوی كورد لە سووریا لە دەستی پارتە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی كوردی سووریادایە، دەبێت نەهجێكی ڕاستیان هەبێت، بەئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی كورد هەنگاو بنێن.
هاوكات شاندی سەرۆكی ئەنجومەنی كوردی سووریا و سكرتێر و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی كوردی سووریا باسیان لە گفتوگۆو دانیشتنەكانی ئاستانە كرد لە وڵاتی كازاخستان، هەڵوێستی لایەنە بەشداربووەكانی ئەو گفتوگۆیانە لەبارەی ئایندەی سووریاوە خستەڕوو.
23ی ئەم مانگە دانوستانەكانی ئەستانە لە وڵاتی كازاخستان دەستیپێكردو ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو، لەلایەن هەریەكە لەوڵاتانی روسیاو توركیاو ئێرانەوە سەرپەرشتی كرا.
دانوستانەكان یەكەم دانوستان بوو كە تێیدا وەفدی ئۆپۆزسیۆن و حكومەتی سوریا لەسەر یەك مێز كۆبونەوە، بەبێ كشانەوەی هیچ یەكێكیان لەكۆبونەوەكە.
xandan -
