کۆمپانیایەکی چیکی سیمینارێکی دەربارەی بەنداوەکان سازکرد
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە وتەیەکدا سەرەتا دەستخۆشی لە حکومەتی چیک و کۆمپانیای ناوبراو کرد بۆ ئەم جۆرە سیمینارانە کە سوود بە ھەموو لایەک دەگەیەنێت. لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا ئاماژەی بە گرنگیی ئاو کرد و دووپاتی کردەوە کە لەئێستادا وڵاتانی جیھان بایەخی تەواو بە ئاو دەدەن وەک سامانێکی نیشتمانی و ھەندێ جاریش وەک چەک بۆ رکابەریی یەکدی بەکاری دێنن.
دووپاتیشی کردەوە کە ئێمە لە ھەرێمی کوردستاندا کێشەی ئاومان ھەیە، ھۆکارەکەشی بۆ خراپ بەکارھێنانی ئاو دەگەڕێتەوە لەلایەن جووتیاران و ھاووڵاتیانەوە بە گشتی کە رۆژانە بە ھەزاران مەتر سێجا ئاو بە ھەدەر دەچێت، ھاوکات ھۆکارێکی دیکەش نەبوونی بوودجەی پێویستە بۆ درووستکردنی بەنداوی تازە لەبەر ئەو قەیرانە داراییەی کە رووبەڕووی کوردستان بۆتەوەوە.
ئەوەشی بەبیر ئامادەبووان ھێنایەوە کە لە ئێستادا ٢٠ بەنداو لە دیزایین تەواو بوونە و ھەندێکیان بە سستی کاریان تێدا دەکرێت و ئەوانی دیکەش لەبەر ئەو قەیرانە راوەستاون، لە ھەمان کاتدا ئاماژەی بە ھۆکارێکی دیکەی کێشەی ئاو کرد ئەویش درووستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە یان گۆڕینی رێڕەوەی ئەو ئاوەی کە لەوانەوە دەڕژێتە ھەرێمی کوردستانەوە کە کاریگەریی بۆ سەر کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و ژینگە و پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە ھەیە.
ھاوکات چەندین وتاری دیکە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان و جێگری کونسوڵی گشتیی چیک وکۆمپانیای کریا پێشکەشکران.
کۆمپانیای "کریا"(CREA)ی چیکی لە رابردوودا ھەماھەنگیی بەرچاوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکان و کۆگاکانی ئاوی کردووە، چ لە رووی راوێژەوە یان بە پێشکەشکردنی دیزایین بۆ دامەزراندنی بەنداو لە ھەرێمی کوردستان.
payamner -
