فەرماندەیەکی پێشمەرگە: لە چەند رۆژی داھاتوودا رێگایەکی تایبەت بۆ ھاتوچۆی کوردانی شەبەک دەکرێتەوە
نوێنەرێ کوردانی شەبەک لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ باس لەوە دەکات، ھاتوچۆی کوردانی شەبەک لە ھەرێم بۆ ئەو دیوی ساتری ھێزی پێشمەرگە لە دەشتی نەینەوا بەزەحمەتە و پێویستی بە ئاسانکاری ھەیە. فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگەش دەڵێت، ئەو کارەی دەکرێت بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ھەرێمی کوردستانه و بڕیارە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لە چەند رۆژی داھاتوودا رێگایەکی تایبەت بە کوردانی شەبەک بکرێتەوە.
"غەزوان حامد" نوێنەری کوردانی شەبەک لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "کوردانی شەبەک گلەیی ئەوە دەکەن کە ھاتوچۆیان بۆ ئەو دیو ساتری ھێزی پێشمەرگە لە دەشتی نەینەوا زەحمەتە و ھەندێک رێکاری پێویستە، بۆیە بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا ئێمە وەکو نوێنەرانی کورد کۆبینەوە و داواکاریەک بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ئەو خەڵکە بکرێت ئاراستەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکەین، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانەش کوردستانین و پێویستە وەکو بەشێک لە کوردستان مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
ھەر لەمبارەیەوە فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لیوا "بەھرام عەریف یاسین" بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەر بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ھەرێمی کوردستانه و بەرامبەر ھەموو کەسێکیش ناگیرێتەبەر تەنھا ئەوانەی گومانیان لێ ھەیە، ئەگەر نا ھاتوچۆ کردن رۆژانە ھەیە و خەڵک بە ئارەزووی خۆی ھاتوچۆ دەکات بۆ ئەو دیوی ساتری ھێزی پێشمەرگە."
لیوا بەھرام عەریف یاسین گوتی: بڕیارە لەچەند رۆژی داھاتوو رێگایەکی تایبەت بۆ ھاتوچۆی کوردانی شەبەک بکرێتەوە و ئەوکات بە ئارەزووی خۆیان ھاتوچۆ دەکەن و دەتوانن کەلوپەل لە ھەرێمی کوردستان بۆخۆیان بگوازنەوە کە پێداویستی رۆژانەیانە و ئێمەش ھاوکاریان دەبین.
payamner-
