دەقی دیمانەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەشی کوردی ڕادیۆی دەنگی ئەمەریکا
نێچیرڤان بارزانی: بێگومان کورد بەشێوەیەکی گشتی چاوەڕێی زۆری لە ئەمەریکا ھەیە، ئێمە پێمان وایە ئەو پرەنسیپانەی کە ئەمەریکا خەباتیان بۆ دەکات و ھەوڵی بۆ دەدات، لە کوردستاندا ھەیە. ئەمڕۆ کورد لە بەرەی پێشەوەی جەنگی دژی تیرۆرە و ئەمە پێوەرێکی زۆر زۆر گرنگە بۆ ئەمەریکا و ئیدارەی ترامپ کە ئێمە لەپێشەوەین. بەھاکانی پێکەوەژیان، کوردستانی ئێمە شوێنێکە ئەمڕۆ ھەموو پێکھاتەکان بە خۆشی و ئازادی و بێ کێشە تیایدا دەژین وەک مەسیحی، موسڵمان، ئێزدی، عەرەب و تورکمان ئەمانە ھەمووی پێوەری زۆر زۆر گرنگن. ئەمڕۆ گەر سەیری دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکەی، دەبینی کە کوردستان وەکو بەشێک لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تەنھا شوێنێکە بۆتە ھیواو ئومێدی ئەو خەڵکانەی کە ناتوانن لە شوێنەکانی دیکە بژین و ڕوو لە کوردستان دەکەن. کورد بە ھیواوە دەڕوانێتە ئیدارەی نوێی ترامپ و ھیوادارە ئەم پەیوەندییەی کە پێشتر لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما ھەیبووە، لە ئیدارەی ترامپدا زیاتر و زیاتر بەرەو پێشەوە بڕوات.
VOA: سەبارەت بە دوا پێشھاتەکانی شەڕی داعش و پێشبینی بەڕێزتان بۆ دوای داعش چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: دوای زیاتر لە دووساڵ شەڕ و بەرگریکردن و ئەوەی ئیمە کردمان لە ھەرێمی کوردستان، بە خوێنی ھەزار و شەشسەد پێشمەرگەی شەھید و زیاتر لە نۆ ھەزار بریندار، دەتوانم بڵێم ئەو شوێنانەی کە پێشتر داعش داگیری کردبوون، ئەوانەمان ھەمووی دووبارە وەرگرتۆتەوە. بێگومان ئەمە بێی پشتوانی نێودەوڵەتی و لەسەرووی ھەمووشیانەوە پشتیوانی ئەمەریکا نەدەکرا و ئەم کارە ئاسان نەبوو زۆر زەحمەت بوو. ئێستا خۆشبەختانە دوێنێ ئۆپەراسیۆنی ڕۆژھەڵاتی مووسڵ بەکۆتا ھات و ئەو سنوورە ھەمووی ئازاد کرا و ئێستا ھێزەکانی عێراقی لەسەر ڕووباری دیجلەن، ئۆپەراسیۆنەکە بەگشتی لە ڕووی سەربازیەوە ڕاستە بە ھێواشی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نامانەوێ زیاتر خەڵکی مەدەنی بکوژرێت و نامانەوێت قوربانییەکانی خەڵکی مەدەنی زیاتربێت، بۆیە پلانەکە زۆر بە ھێواشی بەڕێوەدەچێت. پلانەکە زیاتر بە سەرپەرشتی ئەمەریکایە و ھێزەکانی عیراقیش بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، بەڵام ئەوەی کە گرنگە بگوترێ و پرسیار بکرێ ئەوەیە، ئایا ئەو کێشەیەی ئێستا لە عیراقدا ھەیە کێشەیەکی سەربازییە؟ ئەمە کێشەیەکی سیاسی یە نەک سەربازی. بە بڕوای من بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی داعش تەواو نابێت، مومکینە شارەکان لەدەست بدات، مووسڵ لەدەست بدات، ڕەقە و شوێنەکانی دیکە لەدەست بدات، بەڵام وەکو فکر و ڕێکخستنی داعش دەمێنێتەوە. داعش لەم وڵاتەدا دروستکراوە لە ئەنجامی سیاسەتێکی ھەڵە کە لە عیراقدا پەیڕەوکراوە، تا ئەو ھۆکارانەی بوونەتە ھۆی دروستبوونی داعش چارەسەر نەکرێن لە ڕووی سیاسییەوە، من باوەڕناکەم پرسی داعش لە عیراقدا کۆتایی پێ بێت و تا ئێستاش ئێمە بچووکترین ھەنگاو لە بەغداوە نابینین بۆ ئەوەی ھەوڵی ئەوە بدات ئەو کێشانەی بوونە ھۆی سەرھەڵدانی داعش لە عیراقدا، چارەسەر بکرێن. بەڵێ ئێمە دوای داعش مەترسیمان ھەیە کە ڕاستە وەک ئاماژەم پێکرد داعش شارەکان لەدەست بدەن، بەڵام وەک رێکخراوێکی تیرۆرست لە عیراقدا دەمێننەوە، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ئەوەندەی شوێنەکانی دیکەی عێراق کاریگەریمان لەسەر نییە لەبەر یەک ھۆکار کە زۆر گرنگە، ئەوەیش ئەوەیە کە فکری داعش لە کوردستاندا بەو شێوەیە پاڵپشتی نییە، ناڵێم ھیچ نییە، بەڵام ئەو پاڵپشتییە گەورەیە بۆ فکری داعش و توندڕەوی لە کوردستاندا جێگەی نییە و خەڵکی کوردستان ئەوە نییە پشتگیریی لە توندڕەوی بکات، بۆیە من نابینم ئەوانە مەترسی بن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، مەترسییەکەیان ئەوەیە کە جیرانی ئێمەن و ئەو مەترسییە ھەر بۆ ئێمە ماوەتەوە، کەواتە بۆ ھەرێمی کوردستان، عیراقێکی سەقامگیر و بێ کێشە زۆر باشترە لەوەی کە کێشەی ھەبێت و ناسەقامگیر بێت چونکە بێگومان گاریگەری بۆ سەر ھەرێمی کوردستانیش دەبێت.
VOA: شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا کە دواجار بووە ھۆی ئەوەی حکوومەتی بەغدا بەشە بودجەی ساڵانەی ھەرێمی کوردستان ببڕێت، ئەمە چەند کاریگەری و قورسایی خستۆتە سەر ھەرێمی کوردستان؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ ڕووبەڕووی سێ شۆکی زۆر گەورە بووینەوە، یەکەمیان لە مانگی دووەوە بڕە بودجەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بڕدرا بێ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ئاگادار بکەنەوە بە بیانووی ئەوەی کە ئێمە نەوتمان ھەناردەی دەرەوە کردووە کە لە ڕاستییەکەیدا ئێمە لە مانگی پێنجەوە نەوتمان ھەناردەی دەرەوە کرد، ئەمە شۆکی یەکەم بوو. دووھەمینیان ھاتنی زیاتر لە ملیۆنێک و ھەشتسەد ھەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا شەڕی داعش کە ھەزار و سەد کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ ڕێکخراوێکی تیرۆرستی ھەیە، شەڕ کردن و بەرگریکردن پارەی پێویست بوو و ئیمکانیاتی پێویست بوو. لەسەرووی ئەمانە ھەمووی دابەزینی نرخی نەوت بە شێوەیەک کە قەت چاوەڕوان نەدەکرا و ھاتە بیست دۆلار، ئەمانە ھەمووی بوونەتە ھۆی ئەوەی کە بەڕاستی ھەرێمی ھەرێمی کوردستان دوو سێ ساڵی زۆر سەختی تێپەڕاندووە و تا ساڵی دووھەزار و شازدەش کاریگەریی یەکجار زۆری ھەبووە. من وەکو نمونەیەک دەیھێنمەوە، ھاتنی ئەم ئاوارانە بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ئێمە ھەمانە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی، تەکلیفی لەسەر ھەرێمی کوردستان ملیارێک و چوارسەد ملیۆن دۆلارە، بەداخەوە وەک پێویست ھەرێمی کوردستان ھیچ ھاوکارییەکی نە لە بەغدا و نە لە ھیچ شوێنێکی دیکە وەرنەگرتووە، ئەمە تەکلیفێکی زۆرە بۆ ھەرێمی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم بڵێم کە ئێمە توانیومانە قەیرانەکە ڕاگرین، پێشکەوتنمان نەبووە لەمبارەیەوە، بەڵام توانیومانە تا ڕادەیەک ڕایبگرین بێگومان ئەمەش بە تێگەیشتنی دروستی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو پشتیوانی و ھاوکاری و تێگەیشتنی مووچەخۆران و کارمەندانی ھەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان نەبوایە، مومکین نەبوو ئەوە بەدەست بێت. ئێمە پێشبینی ئەوە دەکەین لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دۆخەکە وردە وردە بەرەو باشتر بڕوات.
VOA: سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، ئێوە پێشتر سەردانی بەغداتان کرد لەگەڵ وەفدێکدا، ئایا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن؟ ئایا ڕێککەوتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا، مەبەستم ڕێککەوتنێکی نوێ دەکرێت؟
نێچیرڤان بارزانی: زۆر بە ڕاشکاوی بڵێم، تا ئەم لەحزەیەش داواکاری ھەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی کێشەکانییەتی لەگەڵ بەغدا و ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە. ئێمە ھەمیشە ئامادەی ئەو گفتوگۆیانە بووین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە بەغدا ھەیە جا چ لە پرسی نەوتە یان کێشە سیاسییەکانە، ئەوە لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستاندایە. تا ئێستا ئێمە کاری باشمان بەیەکەوە کردووە، بەرگرییکردن دژی داعش نمونەیەکی زۆر باشی ئەو ھاوکاریە یە و ڕەنگدانەوەی ئەو ھەماھەنگییەیە کە ئێمە لەگەڵ بەغدا ھەمانە، پێشبینی بکەن دوای ٢٥ ساڵ ئێمە بۆ یەکەم جار ڕێگەمان دا سوپای عیراق بگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان، ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو و بڕیارێکی زۆر قورس بوو، بەڵام ئەو بڕیارەمان دا چونکە دوژمنێکی ھاوبەشمان ھەبوو و دەبوایە پێکەوە شەڕی ئەو دوژمنە بکەین و زۆریش سەرکەوتوو بووین، ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئەگەر نەڵێم سەدا سەد، بەڵام دەتوانم بڵێم سەدا پەنجای ئەو زانیارییە ھەواڵگیرییە بوو کە ئێمە ڕۆژانە دامانە سوپای عیراق، ئەو ھاوکارییەی کە لە نێوان ئێمە و سوپای عیراقدا ھەبوو لەڕووی دانی زانیاری کە ڕۆژانە پێمان دەدان، یەکجار زۆر ھاوکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کردووە کە ئەمڕۆ سوپای عیراق لە مووسڵ دەیکات. کەواتە من دەمەوێ بڵێم ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، بەڵام ئەو کێشانە چۆن چارەسەر دەکرێن؟ دەبێت زەمینەیەک ئامادە بکرێت بۆئەوەی ھەردوولا براوەی ئەو ڕێککەوتنە بین، نەک لایەنێک وا بیر بکاتەوە چونکە مەرکەزە و حکوومەتە و دەبێ ئەو برا گەورەبێت و لایەنی دیکە برای بچووک بێت، ئیمە وا مامەڵە ناکەین، دەبێت ئێمە ڕێککەوتنێک بکەین کە ھەم بەرژەوەندیی ھەرێمی کوردستانی تێدابێت و ھەم بەرژەوەندیی بەغداشی تێدابێت. ئێمە ئەمڕۆ لە قەیرانێکی زۆر سەختی دارایی داین، بەغدا ھیچ ھەنگاوێکی نییە بۆئەوەی بێت یارمەتی ھەرێمی کوردستان بدات، من لە قسەکانی خۆم لە ئەنجومەنی وەزیرانیش گوتوومە ئەو نەوتەی کە ئێستا ئێمە دەیفرۆشین ئەگەر ئێمە قەناعەتمان وابێت یەک دۆلاریش زیاتر لەوەی کە دەستمان دەکەوێت بەغدا بیداتە ھەرێمی کوردستان، ئێمە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا زۆر بە باشتر دەزانین لە رێککەوتن لەگەڵ ھەر لایەنێکی دیکە.
VOA: بەڕێزت ئاماژەت بەوە کرد کە ئەولەویەتی ھەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی کێشەکانییەتی لەگەڵ بەغدا، ئایا ھیچ ھەنگاوێکتان ناوە؟ ئایا حکوومەتی عێراقی وەڵامی بۆ ئەو ھەنگاوانەی ئێوە چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە دەستوورێکمان ھەیە، با ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین ١٢ ساڵە ئێمە دەستوورێکی عیراقیمان ھەیە و ھەنگاوەکانی بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە چی بووە؟ ھیچیان نەکردووە. ھەرێمی کوردستان تەجروبەیەکی زۆر ناخۆشی لەگەڵ بەغدا ھەیە، تەجروبەی ناخۆشی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە بەغدا تا ئێستاش خۆی بە مەرکەز دەزانێت و ھێشتا لەوە تێنەگەیشتووە کە سیستەمی عیراق گۆڕاوە و سیستەمی عیراق مەرکەزی نییە، زۆر جار خەڵک دەڵێن حکوومەتی مەرکەزی، ھیچ حکوومەتی مەرکەزی نییە، بەڵکو حکوومەتی فیدرالە، سیستەمی عیراق دوای پەسەندکردنی دەستووری عیراق، سیستەمێکی فیدرالی یە، شێوەی بیکردنەوەی بەغدا شێوەیەکی ھەتا بڵێی مەرکەزی یە، ئەو یاسایانەی کە پەیوەندیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە چ لە ڕووی ئیدارەدانی نەوت، چ لە ڕووی دابەشکردنی داھاتی نەوت، ھیچیان لە بەغدا جێبەجێ ناکرێن، بەغدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات؟ وەکو ھەر پارێزگایەکی دیکەی عیراق مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا دەکات، چۆن مامەڵە لەگەڵ پارێزگایەکی عیراق دەکات، دەیەوێت ئاوەھاش مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بکات و ئەمەیان لە ھەرێمی کوردستان قبووڵ ناکرێت. ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٣ و پێش ٢٠٠٣ ڕاستە بارودۆخی ئابووری ئێمە باش نەبوو، بەڵام ئێمە بە ئارەزووی خۆمان گەڕاوینەتەوە بەغدا و بەزۆر نەبووە، بە ئێمەیان گوتووە عیراقێکی نوێیە، عیراقێکی دیموکراتە، عیراقێکی فیدرالە و لەسەر ئەم پرەنسیپانە ئێمە بڕیارمان دا کە بگەڕێینەوە بەغدا. ئەوەی کە بەڕێزان بەتایبەتی ھەردوو بەڕێز سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بارزانی کردیان لەوەی کە عیراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و بارودۆخی عیراق باش بێت، ھەر ئەوەندیان پێدەکرا و ئەوەی لەتوانایاندابوو کردیان بۆ ئەو پرسە، بەڵام ھەنگاوەکانی عیراق نایێنە پێش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. باسی میزانییە یەکێک لە شتە ھەرە گرنگەکانە، ئەگەر تێپەڕاندنی بودجە بە زۆرینە و کەمینە بێت، ئێمە ھەر کەمینەین، ھەموو کورسییەکانی کورد لە بەغدا ٦٥ کورسی یە و ئەوانی دیکە یەکجار زۆرترن، بەڵام بڕیاری دوستکردنەوەی عیراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای تەوافق بوو نەک لەسەر بنەمای ئەوەی کێ زۆرە و کێ کەمە.
VOA: ئێستا گەر ئێوە بگەڕێنەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ ئایا ھەمان بڕیار ئەدەن کە بەڕێزتان ئاماژەتان پێدا، بڕیارێکی خۆویستانە بووە بۆ ئەوەی کە لەگەڵ عیراقدا بمێننەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: نە ئێمە پەشیمان نین، چونکە تۆ حوکم لەسەر ئەو ڕۆژە دەدەیت، ئەو ڕۆژەی کە سەدام لەسەر حوکم لادرا بۆ کورد ڕۆژێکی میژوویی بوو و ئێمە پەشیمان نین لەوە. بە تەئکید ئەگەر بەگەڕێینەوە ئەو کاتە ھەمان بڕیار دەدەین، ئێمە نیگەرانین لەوەی ئەو ھاوپەیمانانەی کە لەگەڵ ئێمە بوون بەتایبەتی شیعەکان کە پێکەوە خەباتمان کردووە و پێکەوە بووین، بەداخەوە دوای ٢٠٠٣ کە ئێمە پێشتر پێکەوە خەباتمان دەکرد بۆ ڕۆژێکی خۆشتر بۆ عیراق، ئەوان پشتیان لەو بەڵینانە کرد کە بە کوردیان دابوو، ئەوان بەڵێنەکانی خۆیان بەجێ نەگەیاند بە نیسبەت کورد، ئەمڕۆ دوای ١٢ ساڵ کورد ئەو پرسیارە لەخۆی دەکات، ئایا لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق، کورد لە کوێیە؟ دوای ١٢ ساڵ پرسیار لەوە دەکات، ئایا ھیچ گارانتییەک بۆ ئایندەی ئەم میللەتە ھەیە؟ پرسیار لەوە دەکات ئایا بەغدا چی کرد بۆ جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠؟ فکری بەغدا و مەناتڵێتی ئەوان ئەوە بووە کە لە ھێزەوە قسە لەگەڵ ئێمە بکەن، فکریان وابووە کەی بەھێز بوون ئەو کاتە بێن قسە لەگەڵ ھەرێمی بکەن، کەواتە ئەو فکرە مەرکەزییە لە عێراق ھەر وەک خۆ ماوەتەوە و ئەو فکرە مەرکەزییەتھی کە عیراق بەڕێوە دەبات، بە بڕوای من ھۆکاری گەورەترین کارەساتە بۆ ئەو وڵاتە.
VOA: باست لەوە کرد کە نەناردنی بەشە بودجە لەلایەن حکوومەتی عیراقییەوە بۆ ھەرێمی کوردستان کێشەی سەرەکی نێوان ھەولیر و بەغدایە، ئایا بوونی ئاوارەکان وەک ھەندێک جار لەلایەن بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانەوە باس لەوە دەکرێت کە حکوومەتی عێراقی یارمەتیی ئاوارەکانی خۆی نادات کە لەئێستادا لە ھەرێمی کوردستاندا لە کەمپدا دەژین، ھەروەھا یارمەتینەدانی پێشمەرگە لەڕووی سەربازییەوە لە ڕووی نەدانی چەکەوە، چەندێک کێشەو و گرفتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا؟
نێچیرڤان بارزانی: تا ئێستا وەکو پێویست بەغدا یارمەتی ئاوارەکانی نەداوە، من ڕاشکاوانە بڵێم ھەتا ئێستا ئەو ھاوکارییەی کە دەبوایە عیراق بۆ ئاوارەکان بیکات، تا ئێستا نەیکردووە، مامەڵەی عیراق لەگەڵ ئاوارەکان وەکو ھەر وڵاتێکی کۆمەک بەخشە، بەو شێوەیە یە، واتە تاکو ئێستا وەکو پێویست بەرپرسیارێتی خۆی ھەڵناگرێت بۆ ئەوەی ئاگای لەم ئاوارانە بێت.
VOA: ئەی سەبارەت بە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە؟
نێچیرڤان بارزانی: سەبارەت بە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە، عیراق تاوەکو ئێستا وەک پێویست ھاوکاریی پێشمەرگەی نەکردووە، نەک وەکو پێویست نەیکردووە، بەڵکو ھەر نەیکردووە و ئێمە شتێک نابینین کە بڵێین یارمەتی پێشمەرگەی داوە کە ئێمە لە یەک سەنگەرین و پێکەوە شەڕ دەکەین و دوژمنی ھاوبەشمان ھەیە، بەڵام ئەو ھاوکاریانەی کە عیراق بۆ حەشدی شەعبی دەیکات با من وەک نموونەیەک بیھێنمەوە، حەشدی شەعبی کرد بە یاسا، ئێمە ڕێزمان ھەیە بۆ حەشدی شەعبی کە لە بەرگریکردن لە عێراق لە دژی داعش ڕۆڵی خۆیان بینی، حەشدی شەعبییان کرد بە یاسا و ھەموو پێداویستییەکانی حەشدی شەعبی دابین دەکەن، بەڵام ئامادە نین قبووڵی بکەن تەنیا پێشمەرگە لە چوارچێوەی مەنزومەی بەرگریی عیراقدا جێگەی ھەیە، حازرنین ئەوە بکەن، بۆ حەشدی شەعبی کە ھی خۆیانە و ئەوان پشتیوانی لێ دەکەن، ھەموو کارئاسانییەک دەکەن، باشە با ئەم پرسیارە بکەین، ئێمە چۆن خۆمان بە ھاووڵاتیی ئەم وڵاتە بزانین؟ ئێمە بە چ ھاندانێک کار بۆ بەرەوپێشەوەبردنی ئەم ولاتە بکەین؟ ھێزەکانی ئێمە پێشمەرگە و کورد ئێستا ئەو پرسیارە لەخۆی دەکات. بۆ، بۆ حەشدی شەعبی ئەم شتانە ھەمووی دەکرێت و بۆ ھێزی پێشمەرگە ھیچ ناکرێت؟
VOA: لە کاتی دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکرنەوەی مووسڵ، بەشێک لە خەڵکی یان ئەوەی کە پێی دەگوترێت شەقام، باسیان لەوە دەکرد یا ڕەخنەیان لەوە دەگرت کە ھەرێمی کوردستان بۆچی ھێزی پێشمەرگە دەخاتە شەڕێکەوە کە ئەوان دەڵێن خاکی کوردان نییە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئەم شەڕە ناکەین، ئێمە بەرگری دەکەین، داعش شەڕی ئێمەی کردووە، ئێمە شەڕمان لەگەڵ ھیچ کەسێک نەکردووە و ئەوان یەخەی ئێمەیان گرتووە، کە یەخەی ئێمەیان گرتووە ئێمە ناچاربووین، ئێمە ئەم بەرگرییە بۆ خۆمان دەکەین و شەڕ ناکەین، ئێمە ئەم بەرگرییە بۆ کوردستان دەیکەین، بۆ ھاووڵاتیانی کوردستان دەیکەین و ئەو شوێنانەشی کە ئێستا ئێمە ئازادمان کردوون، ھەمووی کاریگەریی لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە و کاریگەرییەکەشی گەلێک زۆرە، ئەو ناوچانەی کە ئەمڕۆ خۆشبەختانە لە شەڕی داعشدا ئازاد کراون، من دەتوانم بڵێم ئەو ناوچانەی کە ڕزگارمان کردوون لە ڕووی ئەمنییەوە کاریگەرییان لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەیە.
VOA: پێشبینی بەڕێزتان بۆ ئەمساڵ چییە؟ پێتان وایە قەیرانەکان چارەسەر دەبن لە ھەرێمی کوردستاندا؟ ھیچ موژدەیەکی خۆشتان پێیە بۆ ھاووڵاتیان؟
نێچیرڤان بارزانی: ھەموو ھەوڵێکی ئێمە بۆ ئەوەیە کە ئەم پرسە چارەسەر بکەین، من ناتوانم ئەوە بڵێم کە ئێستا دەتوانین شتێکی گەورە بکەین، بەڵام ھەوڵ و کۆششی ئێمە بۆ ئەوەیە ئەگەر بارودۆخی داراییمان باش بوو، یەکەم شت بارودۆخی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەین. گەر پرسیارەکەش ئەوەیە بە بڕوای من ئایا پێشبینی ئەوە دەکەین بارودۆخمان باشتر ببێت؟ بەڵێ ئێمە پێشبینیی ئەوە دەکەین کە بارودۆخی ئێمە لەم ڕووەوە باشتر ببێت.
VOA: بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی عیراق سوپاست دەکەین بۆ پێدانی ئەم دەرفەتە و ئەم دیدارە.
نێچیرڤان بارزانی: سوپاس و بەخێربێن سەرچاو.
payamner -
