بریمۆ: كورد رۆڵی گرینگی لە كۆنگرەی ئاستانادا هەبوو.. ئەنجامەكەیشی ئەرێنی بووە
(نووری بریمۆ)، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا رایگەیاند: "هەر كۆنگرە و كۆبوونەوەیەك لەبارەی رەوشی سووریا و رۆژئاوای كوردستان بكرێت، بە هەنگاوێكی باشی دەزانین، ئەوەی لە كۆنگرەی ئاستاناش باش بوو، بەشداریكردنی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی بوو، ئەنجوومەن نوێنەرایەتیی كوردی دەكرد لەو كۆنگرەیەدا، سێ وڵات پێیان پەسەند بوو كوردیش بەشدار بێت لە كۆنگرەی ئاستانە، ئەمەیش واتای ئەوە دەگەیەنێ نەك تەنیا ئێمە دەڵێین ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی نوێنەرایەتی رۆژئاوای كوردستان دەكات، بەڵكوو ئەوەتا وڵاتگەلێكی جیهان و ناوچەكە و هێزی نێودەوڵەتی ددان بەوەدا دەنێن كە ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردی نوێنەرایەتیی رۆژئاوای كوردستان دەكات".
لەبارەی ئەنجامەكانی ئاستانا، (بریمۆ) گوتی: "ئەنجامی كۆنگرەكەیش بە ئەرێنی بەسەر خەڵكی سووریادا دیارە، چونكە كۆنگرەی ئاستانا بۆ چارەكردنی كێشەی سووریا نەبووە تەنیا بۆ ئاگربەست بووە، ئاگربەستیش ببێت و نەبێت، گرینگ هەوڵدانە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت".
ئهو ئەندامهی سەركردایەتیی ئەنەكەسە دهشڵێت، رەوشی سووریا زۆر ئاڵۆزە و دەستی زۆری تێدایە، رۆڵی وڵاتانی ئیقلیمی زۆرە و رۆڵی حزبوڵڵا زۆر خراپە لە سووریا، داعش لە سووریا ئەو هێزانەی نزیكی رژێمی (بەشار ئەسەد)ـن یاری دەكەن، لەبەر ئەوەیش كۆنتڕۆڵكردنی شەڕ لەنێو سووریادا زۆر زەحمەتە، ئەوەی لە ئاستانا بەڕێوە چوو هەنگاوێك بوو ئێمە ناڵێین كوردستانێكی بۆ ئێمە دروست كرد، پێشتریش چەندین كۆنگرە لەبارەی ئاڵۆزییەكانی سووریا ئەنجام دراون، كۆنگرەكانی ئەنتالیا و ئیستامبووڵ و قاهیرە و جنێف یەك و جنێف دوو ئەوەی ئاستانایش هەنگاوێكی هاوشێوەی كۆنگرەكانی پێشووە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە رۆڵی كوردە لەو كۆنگرانەدا".
KDP
