ئەندام مەڵبەندێکی یەکێتی بە فەرمانی لاهوری شێخ جەنگی دەستگیر دەکرێت

 ئەندام مەڵبەندێکی یەکێتی بە فەرمانی لاهوری شێخ جەنگی دەستگیر دەکرێت
ئەندامێکی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە فەرمانی بەرپرسی دەزگای زانیاری دەستگیر دەکرێت و بەرپرسی مەڵبەندەکەش ئاشکرای دەکات کە سەرووی خۆیان لە حاڵەتەکە ئاگادار کردووەتەوە.

ڕۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2017، ئەندامێکی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دانیشتووی شاری دەربەندیخانە، لە لایەن یەکێتییەوە دەستگیر کراوە و گومان دەکرێت دەستگیرکردنەکەی پەیوەندی بە تەکەتولاتی نێو یەکێتییەوە هەبێت.

ئەمڕۆ شەممە 28\1\2017، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە لوقمان حەمەعەلی، ئەندامی مەڵبەندی 11ی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە فەرمانی لاهوری شێخ جەنگی، بەرپرسی دەزگای زانیاری دەستگیر کراوە و بابەتەکە پەیوەندی بە ململانێ ناوخۆییەکانی نێو باڵەکانی یەکێتییەوە هەیە.

هەر لەمبارەیەوە محەمەد چاوجوان، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەستگیرکردنی ئەندامێکی مەڵبەندەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕای گەیاند: ”تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان بە فەرمی هیچیان بە ئێمە نەگوتووە، تا ئێمە لەو ڕێگایەوە بۆ چوونی خۆمانیان بدەینێ“. گوتیشی: ”لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی نازانین پرسیار لە کێ بکەین، ئاگاداریش نەکراوینەتەوە لەوەی چۆن دەستگیر کراوە“.

بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان مەکتەبی ڕێکخستنی حزبەکەیان ئاگادار کردووەتەوە و لەوێشەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاگادار دەکرێتەوە، ”چاوەڕوانین شتێکمان لەمبارەیەوە پێ بڵێن“.

هەر لەمبارەیەوە، بەرپرسێکی ئاسایشی دەربەندیخان ڕایگەیاند کە لوقمان حەمەعەلی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر چووەتە سلێمانی و تائێستا نەگەڕاوەتەوە. گوتیشی: ”ئێمە دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام هیچ شتێکمان پێ نەگوتراوە“.

لەلایەن خۆیەوە، سلێمان عەبدوڵا یونس، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: “دەبێت یەکێتی ڕەچاوی مافی دەستبەرکردنی ئازادیی کەسەکان بکات، لەوە دەچێت ئەمە هەوڵێک بێت لەم کاتەدا کە گرفتەکانی ناو یەکێتی بەرەو باشتر دەڕۆن، کادیری ئێمە لە هەر شوێنێک تۆمەتبار بێت، یان گرفتی هەبێت، یەکێتی مافی خۆیەتی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات، بەڵام بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی و هێز، پێشموانییە یەکێتی بگاتە ئەو ئاستە”.








باسنیوز
Top