حەشدی شەعبی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە تۆپبارانكردنی پێشمەرگە پێكدەهێنێت

 حەشدی شەعبی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە تۆپبارانكردنی پێشمەرگە پێكدەهێنێت
حەشدی شەعبی لیژنەیەكی بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری تۆپبارانكردنی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە رۆژهەڵاتی قەزای شنگال لە رۆژئاوای موسڵ پێكهێنا.

رۆژی هەینی 27-1-2017 ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "پێشمەرگە بەشێكە لە هێزە چەكدارەكانی عێراق، برا و هاوبەشی بنەڕەتی ئێمەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعش. هەروەها چەندین خاڵی هاوبەش و نزیك و هەماهەنگییەكی زۆر لەنێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە هەیە لە ناوچەكە".

ئەحمەد ئەسەدی گوتیشی "هەر لە ناوچەكە لیژنەیەكی باڵا و تایبەتمان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی رووداوەكە و رێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە هەڵانە كە خزمەت بە رەوشی ئێستا ناكات".

رۆژی پێنجشەممە 26-1-2017 گرووپێكی سەر بە حەشدی شەعبی لە رۆژهەڵاتی شنگال تۆپبارانی سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كرد.

هەڵگورد حیكمەت، بەرپرسی شانەی راگەیاندنی جەنگی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "چاوەڕێی هەڵوێستی فەرمی حەشدی شەعبی دەبین بۆ رووداوەكە، ئەوەش جاری یەكەم نییە ئەو حاڵەتە روودەدات".

بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە جەختیشیكردەوە "دەیانەوێت هەڵوێستی فەرمی حەشدی شەعبی لەو بارەوە بزانن و هۆشداری دەدەن ئەگەر دووبارە بێتەوە هێزی پێشمەرگە هەڵوێستی دەبێت".














باسنيوز
Top