وەزیری پەروەردە: مامۆستیان دڵنیا دەکەینەوە کە لە ئایندەیەکی نێزیکدا ھاندانەکەیان بۆ سەرف دەکرێت
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26/1/2016 بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان، لە مەراسیمێکدا قوتابخانەی دانیال میتران کرایەوە، فڕەنسوا پێغێی، سەرۆکی دەزگای (Mission Laique Franciase)ی فەرەنسی ڕایگەیاند: "کردنەوەی بینای پێشکەوتن گرنگە، بەڵام سیستمێکی نوێ و بەردەوامیدان بەو ڕێککەوتنە سیاسییەی نێوان دەزگاکەمان و حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی پەروەردە، زۆر گرنگترە و قوتابخانەکەمان دەبێتە جێگەی متمانەی ھەموو لایەک و دایک و باوکان، ئێمە لێرە نین کە منداڵان لە تەمەنی دوو ساڵەوە وەربگرین و پاش قۆناغێک بڵێین فەرموون بڕۆن، بەڵکو تا دوا قۆناغ دەیانبەین."
ئاماژەی بەوەدا کە سیستەمی خوێندنی لە نێو قوتابخانەکە سەردەمیانەیە و لەسەر ھەمان سیستەمی دەزگای (MLF) دەرۆن کە زیاتر لە سەدەیەکە کاری لەسەر کراوە و لە (٤۱) وڵات و قوتابی نزیکەی (۱۷) نەتەوەی لەخۆ گرتووە.
گوتیشی: "سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ ھەرێمی کوردستان، نیشانەی پەیوەندی بە ھێزی گەورەی نێوان ھەردوولایە، ئەم پڕۆژەیە ڕەنگدانەوەی ھاریکاری و پەیوەندییە بێپایانەکانی ھەموو لامانە و لە قوتابخانەکەمان ھەر لە سەرەتاوە نموونەیەکی جوانی نیشان داوە".
دواتر د. پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە، ڕایگەیاند: "کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە، توندوتۆڵکردن و فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی ھەدوو لامانە و ئەم قوتابخانەیە قازانجی منداڵی کورد و پێشکەوتنی پەروەردەی لە ھەرێمی کوردستان تێدایە و حکوومەتی ھەرێمیش لە ھەموو روویەکەوە کاری کردووە بۆ باشترکردنی دۆخی پەروەردە و ژێرخانەکەی".
وەزیری پەروەردە، لەمیانی ئەو مەراسیمەدا گوتیشی: "مامۆستیانی خۆشەویستمان دڵنیا دەکەینەوە کە لە ئایندەیەکی زۆر نێزیکدا ھاندانەکەیان بۆ سەرف دەکرێت، ھەروەھا کاری جددیمان بۆ داھاتووی قوتابیان و خوێندکارن کردووە و تەنانەت لە رووی ئەزموونەکانەوە ھەوڵمان داوە ھیچ لایێک زەرەرمەند نەبن"
bas news-
