"لە دهۆك نزیكەی 700 هەزار ئاوارە و 250 هەزار پەنابەری رۆژئاوا هەن"
ئیسماعیل محەمەد، جێگری پارێزگای دهۆك بۆ كاروباری ئاوارەكان بە "هەولێر"ـی رایگەیاند، لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 700 هەزار ئاوارە و 250 هەزار پەنابەری رۆژئاوا هەن، ئەوان لە 25 كەمپدا نیشتەجێ كراون و بەردەوامیش ئاوارەیەكی زۆری مووسڵ دەگاتە دهۆك و تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزار كەسی ئەو پارێزگایە گەیشتوونەتە دهۆك و لە كەمپەكاند نیشتەجێ كراون، ئاوارەكان لە رووی دارایی و كۆمەڵاتییەوە بوونەتە بارگرانی بۆ خەڵكی دهۆك.
گوتیشی: حكوومەتی هەرێم بەردەوام هاوكاری ئاوارەكان دەكات، بە باشترین شێوە بەڕێوەیان دەبات و تەنانەت باشتر لە گەلێك لە دەوڵەتانی جیهان خزمەت بە ئاوارە و پەنابەران دەكات، بە تایبەتی لە رووی دارایی و ئەمنییەوە، مانگانە هەر ئاوارەیەك پێویستی بە 60 دۆلارە بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری و خواردن و خواردنەوە.
محەمەد، روونیشیكردەوە، پارێزگای دهۆك بە هاوكاری زیاتر لە 100 رێكخراوی ناوخۆ و بیانی كە ئێستا لە سنووری دهۆك هەن، خزمەتی ئاوارەكان دەكەن، حكوومەتی عێراقیش هاوكاری ئاوارەكانی كردووە، بەڵام لەو ئاستەدا نیە كە ئێمە چاوەڕوانمان دەكرد و بەردەوام ئاوارەكانیش گلەیی دەكەن، چونكە زۆربەی ئاوارەكان لە ناوچەكانی عێراق هاتوونە، بۆیە پێویست بوو عێراق زیاتر هاوكاری ئاوارەكانی كردبایە.
جێگری پارێزگای دهۆك بۆ كاروباری ئاوارەكان، زیاتر دەڵێ: پێش ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، ئێستایش هەبوونی ئەو ڕێژە زۆرە ئاوارەیە بارگرانیەكی زۆری لەسەر ئیدارەی دهۆك دروست كردووە، لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ 5 كەمپی دیكە لە سنووری دهۆك دروست كراون، لەو شوێنانە نزیكەی 15 هەزار یەكەی نیشتەجێ بوون دروستكراون و لەو كەمپانە 10 هەزار كەس نیشتەجێ كراون.
لە كۆتاییدا ئیسماعیل محەمەد، جێگری پارێزگای دهۆك بۆ كاروباری ئاوارەكان ئەوەشی دركاند، پاش ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی شاری مووسڵ خەڵكی شەبەك و هەندێك هاووڵاتی دیكە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
hawler -
