بەم زوانە پێنج خانووی پلاستیكی پێشكەوتوو لە ئیسپانیاوە دەگاتە هەرێمی كوردستان

بەم زوانە پێنج خانووی پلاستیكی پێشكەوتوو لە ئیسپانیاوە دەگاتە هەرێمی كوردستان
عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگه‌ڵ جیراڵد سیریلۆ رێیەس سەرۆكی تیمی پڕۆگرامەكان لە رێكخراوی پەرەپێدانی پیشەسازیی خۆراكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان( یۆنیدۆ) بە ئامادەبوونی دكتۆر ئەنوەر ئەحمەد ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی توێژینەوەو رێنمایی كشتوكاڵ.

لە دیدارەكەدا باس لەو یاداشتنامە لێكگەیشتنە كرا كە ماوەیەك لەمەوبەر لەنێوان وەزارەت و ئه‌و رێكخراوه‌ واژووكرا، سەرەتا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەستخۆشی لە یۆنیدۆ كرد و هیوای خواست ئەم هەماهەنگی و هاوكارییە بەردەوام بێت بۆ خزمەتكردنی كەرتی كشتوكاڵ، بە تایبەتی درووستكردنی خانووی پلاستیك بۆ ئاوارەكان تاكو بتوانن سوود وەربگرن و بە لاڕێدا نەچن و كاتی بێكارییان بەم پرۆژەیە بەسەربەرن.

جەختیشی كردەوە لەسەر ئەوەی كە ئەم رێكخراوە دەتوانێت سوود لە بنكەكانی توێژینەوەی كشتوكاڵیی كوردستان و توانای مرۆیی ببینێت.

جیراڵد سیریلۆ رێیەس دووپاتی كردەوە كە بەردەوام كار بۆ سەركەوتنی ناوەڕۆكی ئەم یاداشتننامەیە دەكات و لەگەڵ باڵوێزخانەكانی ئەمریكاو ئیتاڵیا هەماهەنگی دەكات بۆ هەمان مەبەست و بەدەستهێنانی هاوكاریی ماددیی و مانەوی.

بەپێی ئەم یاداشتننامەیەی ( یۆنیدۆ) لەگەڵ وەزارەت واژووی كردووە، بینایەك بۆ سەنتەری توێژینەوەو (5) خانووی پلاستیكی پێشكەوتوو لە كەمپی هەرشەمی سەر بە شارەدێی عەنكاوەو نزیك بە بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی كشتوكاڵیی هەولێر بۆ هاووڵاتیانی ئاوارە كە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە درووست دەكات كە لەم چەند هەفتەیەی داهاتوودا لە ئیسپانیاوە دەگاتە هەرێمی كوردستان و لەم خانووە پلاستیكییانەدا گوڵ و بەرووبوومی سەوزەیان تێدا بەرهەمدەهێنرێت.
payamner -
Top