سێ پارتی کوردستانی ڕۆژئاوا بوونە یەک

 سێ پارتی کوردستانی ڕۆژئاوا بوونە یەک
سكرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (YNDK)، باس لە وردەکاری یەکگرتنەوەی سێ پارتی کوردستانی ڕۆژئاوا دەکات و دەڵێت: "گرنگە داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی ڕۆژئاوا بكەین كارنامەیەكی هاوبەش بۆ كار و خەباتی داهاتوویان دابڕێژن".

غەفوور مەخمووری، ڕایگەیاند: "ئێوارەى دوێنێ 25 / 1 / 2017، رێوڕەسمى یەکگرتنى سێ پارتى كوردستانی ڕۆژئاوا لە بارەگای یەکێتیی نەتەوەیی ڕاگەیەنرا. گوتی: "پارتى ئازادیى کوردستان و پارتى ئازادى کورد- سوریا و شەپۆڵى بەیەکگەیشتن، ناوی هەرسێ حزب بوو کە بە ئامادەبوونى نوێنەرانى بەشێکى زۆرى هێزو لایەنە سیاسییەکانى هەر چوار بەشى کوردستان و کۆمەڵێ کەسایەتى و ڕۆشنبیر بەڕێوە چوو".

گوتیشی: "گرنگە لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی ڕۆژئاوا كارنامەیەكی هاوبەشیان هەبێت، چونکە ئێستا هەڵ ڕەخساوە بۆ ئەوەی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات خەباتی خۆی خورت بكات و بگاتە مافە ڕەواكانی خۆی بۆ ئەمەش هاوكاری و پشتگیریی كردارەكی كوردانە پێویستە، بۆیە داوا لە تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەكانی کوردستانی رۆژئاوا دەكەین كە لەم قۆناغەدا كارنامەیەكی هاوبەش بۆ كار و خەباتی داهاتوویان دابڕێژن و، خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بە دوور بگرن و جلی تەنگی حزبایەتی لەبەر خۆیان دابكەنن و جلی كوردایەتی بپۆشن، لەبەرئەوەی ئەم قۆناغە و ڕۆژئاواى کوردستان پێویستيیان بە كوردایەتییە نەك حزبایەتی".







باسنیوز
Top