پەرلەمانتارێکی کورد لەشاشەی کەناڵێکی عەرەبییەوە: بە گەندەڵی بێت دەبێت دەوڵەتی عێراق هەڵوەشێتەوە

 پەرلەمانتارێکی کورد لەشاشەی کەناڵێکی عەرەبییەوە: بە گەندەڵی بێت دەبێت دەوڵەتی عێراق هەڵوەشێتەوە
ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر شاشەی کەناڵێکی عەرەبیی عێراقی ڕای گەیاند، سەربەخۆیی بابەتی بوون بە دەوڵەتە نەک حکوومەت، ئەگەر گەندەڵی هۆکارێک بێت بۆ دروستنەکردنی دەوڵەت، ئەوا دەبێت دەوڵەتی عێراق هەڵبوەشێتەوە.

ڕێناس جانۆ، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی ئاسمانیی (ئەلئیتجاه)ی عێراقی، بە توندی وەڵامی ئەوانەی دایەوە کە بە بیانووی بوونی گەندەڵی لە حکوومەتدا، دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و ڕای گەیاند: ”تێنەگەیشتنێکی سیاسی هەیە لەنێوان حکوومەت و دەوڵەتدا، سەرۆک بارزانی باسی سەربەخۆبوونی دەوڵەتی کوردی دەکات، باسی حکوومەت ناکات. ئەگەر گەندەڵی هۆکارێک بێت بۆ دروستنەکردنی دەوڵەت، ئەوا دەبێت دەوڵەتی عێراق یەکەمین دەوڵەت بێت کە بەهۆی گەندەڵییەوە لەسەر نەخشە و زەوی بسڕێتەوە و هیچ شوێنەوارێکی نەمێنێت، چونکە لە گەندەڵیدا پێشەنگە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کورد داوای دەوڵەت و چوارچێوەکەی دەکەن، باسی بوونی ئاڵای کوردستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن، باسی سنووری کوردستان و ئەو هەموو قوربانییە دەکەن کە گەلی کورد لە پێناو کوردستاندا داویەتی.

جەختیشی لەوە کردەوە: ”حکوومەتی میسری شکستی هێنا، بەڵام دەوڵەتەکە هەر مایەوە، حکوومەتی لیبیاش هەروا، بەڵام دەوڵەتەکە مایەوە، سووریا لەناو قەیرانێکی گەورە و ئاڵۆز دایە، بەڵام دەوڵەتی سووریا هەر ماوە، حکوومەتی یەمەن شکستی هێناوە، بەڵام دەوڵەتەکەی هەر ماوە. ئەگەر قەیرانێکیش هەبێت لە حکوومەتدا، مانای ئەوە ناگەیەنێت کە حکوومەت ببێتە هۆکارێک بۆ دروستنەبوونی دەوڵەتی کوردی“.







باسنيوز
Top