عێراق دەبێت لە بودجەی سیادی پارە بۆ پاککردنەوەی خاکە مینڕێژکراوەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکات
محەمەد ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای مین لە ھەرێمی کوردستاندا ڕایگەیاند: "ھۆکاری سەرەکیی کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ (خالید ڕەشاد)، بەرپرسی ئاژانسی مینی عێراق، بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ڕێککەوتنامەی (ئۆتاوا)ی نێودەوڵەتی بوو، چونکە حکوومەتی عێراق لە ساڵی 2008دا بەشداری لە ڕێککەوتننامەکەدا کرد بۆ ماوەی 10 ساڵ، بۆ ئەوەی لەو ماوەیە ھەموو عێراق لە مین پاک بکرێتەوە، ئێستا بەرەو کۆتایی ئەو 10 ساڵە دەچێت، بەڵام بەشێکی زۆری ناوچەی مینڕێژکراو لە عێراق و ھەرێمی کوردستاندا ماون و پاک نەکراونەتەوە".
گوتیشی: "ئەو مین و تەقەمەنییانەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەن، ھەمووی بەھۆی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقەوە چێنراون، کاتێک جەنگیان لەگەڵ دراوسێکانیاندا ئەنجام داوە، ئێمە لە کۆبوونەوەکەدا داوامان کرد، کە حکوومەتی عێراق پێویستە لەسەری دەبێت لە بودجەی حاکیمە بڕێک میزانیە تەرخان بکات، بۆ پاکردنەوەی ئەو خاکەی ھەرێمی کوردستان کە مینڕێژکراوە، چونکە ھەرێمی کوردستان بەھۆی ئەوانەوە پیس بووە، ئێمە پەیامی خۆمان بە ئەوان گوت، تا بیگەیەنن بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق".
سەرۆکی دەزگای مین لە ھەرێمی کوردستاندا ئاشکراشی کرد: "بڕیارە لە 14/2/2017 کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام بدرێت، کۆبوونەوەکەش تایبەتە بە لێژنەی نیشتیمانیی باڵای تایبەت بە کاروباری مین لە ھەموو عێراق، ئەم لێژنەیە بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەندامیەتی وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری، وەزیری تەندروستی عێراق و کۆمەڵێک لایەنی پەیوەندیداری دیکە ئەنجام دەدرێت، ئێمەش وەک سەرۆکی گشتیی دەزگای کاروباری مین لە ھەرێمی کوردستاندا، بەشداری دەکەین".
ئەوەشی خستەڕوو: "گرنگترین خاڵ کە دامان ناوە بیخەینە ڕوو ئەوەیە، کە حکوومەتی عێراقی پێویستە لەم ڕووەوە ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە تا ئێستا 35%ی خاکی ھەرێمی کوردستان بە مینی چێنراو ماونەتەوە و لە 24 ساڵی ڕابردوودا تەنیا 65%ی خاکی ھەرێمی کوردستان لە مین پاک کراونەتەوە.
ڕێککەوتننامەی (ئۆتاوا) لە ساڵی 1997 لە نێوان زیاتر لە 120 وڵاتی جیھان لە شاری ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا بۆ قەدەغەکردن، بەکارھێنان، کۆکردنەوە، بەرھەمھێنان و گواستنەوەی مینی دژەکەسی واژۆ کرا، حکوومەتی عێراقیش لە ساڵی 2008 بەشداری لە ڕێککەوتنەکەدا کرد.
باسنیوز
