مەسرور بارزانی: پرسی سەربەخۆیی فاکتەری یەکڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمى كوردستانە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، مەسروور بارزانی بە یاوەری کاکەمین نەجاڕ ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەحمەد کانی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان کرد و لە گەل سەڵاحەددین بەهائەددین ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، کۆبوونەوە.
بهپێی ڕاگهیاندراوێك، لەم دیدارەدا دوا ڕەوشی هەرێم و ناوچەکە و ئەگەرەکانی دوای شەری تیرۆریستانی داعش تاوتوێ کران، هەروەها پرسی سەربەخۆیی کوردستان وەک ویستی هاوبەشی گشت لایەنەکان و فاکتەری یەکڕیزیی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و نەخشەرێگای ئەم پرسە لە لایەن مەسروور بارزانییەوە خرایە ڕوو و گفتوگۆی لە سەر کرا.
پەیوەست بەم بابەتەوە جەخت لە سەر گرنگیی هاوهەڵویستی و تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەریمی کوردستان کرایەوە، تاکو هەرێم بە یەکڕیزی و هێزی زیاترەوە ڕووبەرووی هەر ئەگەر و پێشهاتێک ببێتەوە.
لەم میانەدا ئاماژە بە دوا بانگەشەی مهسعود بارزانی، سهرۆكى ههرێمى كوردستان بۆ چارەسەری پرسە سیاسییە ناوخۆییەکان کرا و جەخت لە سەر گرتنەبەری گیانی لە خۆبوردەیی و هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی کرایەوە لە پێناو لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک، کە بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی کوردستان تیایدا لە سەرووی هەموو پرسێک بێت.
هەر لەم دیدارەدا هەر دوولا کۆک بوون لە سەر ئەوەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم بە یەکهەڵوێستی و بە شاندی هاوبەش بەشداریی لە گفتوگانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەن، تاکو بە دیالۆگ و شێوازێکی ئاشتیانە چارەنووسی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلا بکرێتەوە.
باسنيوز
