وەزارەتی پەروەردە: پارەی هاندان سەرجەم مامۆستایان دەگرێتەوە

 وەزارەتی پەروەردە: پارەی هاندان سەرجەم مامۆستایان دەگرێتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت وەزارەتی پەروەردە لە هەوڵی جدیدایە بۆ ئەوەی دەرماڵەی هاندان سەرجەم مامۆستایان بگرێتەوە و بەشە وانەی هەفتانە نەكرێتە مەرجی پێدانی دەرماڵەكە.

سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی ڕایگەیاند "وەزارەتی پەروەردە بە جدی لە هەوڵی ئەوە دایە دەرماڵەی هاندان بە شێوەیەك بێت سەرجەم مامۆستایان بگرێتەوە و وەك لە ڕێنماییەكەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، بەشەوانەی هەفتانە نەكرێتە مەرجی پێدانی پارەكە ".

هەروەها گوتی "وەزارەتی پەروەردە بە ئەركی خۆی دەزانێت پارێزەری سەرجەم مافەكانی هەموو مامۆستایان بێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەسەر هێڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی هیچ مامۆستایەك لە دەرماڵەكە بێبەش نەبێت".

ئاشكراشی كرد "دەرماڵەكە تا ئێستا تەنها بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان و توێژەرانی كۆمەڵایەتی دەگرێتەوە و لەگەڵ مووچەی مانگی كانوونی یەكەمدا دابەش دەكرێت".







باسنیوز
Top