داعش هێرشی کردە سەر کۆمپانیایەک لە نزیک خانەقین
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 25\1\2017، ژمارەیەک چەکداری داعش کە نزیکەی 30 کەس بوون، لە ڕێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکی جۆری (پیکاب) و چەند ماتۆڕسکیلێکەوە، پەلاماری کۆمپانیای (حامورابی)یان لە ناوچەی نەفتخانەی خانەقین داوە و چەند کەسێکیان کوشتووە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە چەند کارمەندێکی کۆمپانیاکە ڕفێندراون و ئامێر و کەرەستەکانیش سووتێندراون. گوتیشی: “دوای ڕووداوەکە، هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بەرەنگاری داعش بوونەتەوە و لە کاتژمێر 7:30 تا 9:30 پێکدادان بەردەوام بووە و دواتر چەکدارانی داعش کشاونەتەوە و ئەو کارمەندانەشیان ڕفاندووە کە لەلایەن بوون. جگە لەوەی چەند کارمەندێکیش بێ سەروشوێنن.
نەفتخانە، بە دووری 40 کیلۆمەتر لە باشووری خانەقین هەڵکەوتووە، یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لەلایەن هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعەکانەوە پارێزگاری لێ دەکرێت.
باسنیوز
