بەرەی تورکمانی پشتیوانیی لێدوانەکەی سەرۆك بارزانی دەکات
رۆژی چوارشەممە 25/1/2017، ئایدن مەعروف، پەرلەمانتاری کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە بەرەی تورکمانی پێی باشە هەموو ئەو لیستانەی پەرلەمان، کە یەک یان دوو کورسییان هەیە، فراکسیۆنێک یاخود کوتلەیەکی هاوبەش دروست بکەن.
ئایدن مەعروف دروستکردنی کوتلە یاخود فراکسیۆنێکی هاوبەشی لیستە یەک و دوو کورسییەکان بە پێویست دەزانێت بۆ بەشداریکردن لە بریاردان لەبارەی داهاتووی کوردستان و کێشەکانەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێویستە لە کۆبوونەوە گشتییەکان هەموو حزبەکان بەشدارییان پێبکرێت و دژایەتیی حزبەکەشی بۆ کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی نێوان پێنج حزبە سەرەکییەکەی کوردستانی باشوور راگەیاند.
کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بریتییە لەو کۆبوونەوانەی لە رابردوودا هەر پێنج حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتیمایی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی ئەنجامیان دەدا لەبارەی کێشەکانی کوردستان.
پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە داڤۆس لە سویسرا رایگەیاندبوو، کە نابێ جارێکی دیکە تەنها ئەو پێنج حزبە بەشداریی کۆبوونەوەکان بکەن و بڕیار لەبارەی کێشەکان و داهاتووی کوردستانی باشوورەوە بدات.
مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە گرنگیی بەشداریکردنی هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد لە بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکان و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رایگەیاند، جارێکی دیکە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجام نادرێتەوە.
پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسی پێک دێت، کە 11 کورسییان کۆتان بۆ تورکمان، ئەرمەن و مەسیحییەکان.
لیستەکان و ژمارەی کورسییەکانیان بەپێی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردن:
- پارتی دیموکراتی کوردستان، 38 کورسی.
- بزووتنەوەی گۆڕان، 24 کورسی.
- یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، 18 کورسی.
- یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، 10 کورسی.
- کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، شەش کورسی.
- بزووتنەوەی ئیسلامی، یەک کورسی.
- حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان، یەک کورسی.
- حزبی شیوعی کوردستان، یەک کورسی.
- ئاراستەی سێیەم، یەک کورسی.
کۆتای مەسیحییەکان:
- لیستی رافیدەین، دوو کورسی.
- گردبوونەوەی گەلی کلدانی سریانی ئاشووری، دوو کورسی.
- ئەبناء ئەلنەهرەین، یەک کورسی.
کۆتای ئەرمەن:
یەک کورسی
کۆتای تورکمانەکان:
- پێشکەوتنی تورکمان، دوو کورسی.
- گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان، یەک کورسی.
- هەولێری تورکمانی، یەک کورسی.
- بەرەی تورکمانی، یەک کورسی.
باسنیوز
