حەشدی شەعبی باج لە هەموو شۆفێرێكی کورد وەردەگرێت و سووکایەتییان پێ دەكەن

 حەشدی شەعبی باج لە هەموو شۆفێرێكی کورد وەردەگرێت  و سووکایەتییان پێ دەكەن
میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب پارە لە شۆفێرانی کورد دەستێنن و ئاستەنگ بۆ بازرگانانی کورد دروست دەکەن.



چەکدارانی حەشدی شەعبی لە مەفرەقی شارۆچکەی کەلار لە سنووری شارەدێی سلێمان بەگەوە بازگەیان داناوە و بەبێ هیچ پسوولەیەکی حکوومی، پارە لە شۆفێران وەردەگرێت.



یەکێک لەو شۆفێرانەی پارەی لیوەرگیراوە بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کە ئێستا بازرگانانی کورد کەمتر کەلوپەل دەبەنە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق و رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەولێر و بەغدا، کەم بووەتەوە.



بە گوتەی ئەو شۆفێرە، چەکدارانی حەشدی شەعبی بڕی 100 هەزار دینار تەنها لە شۆفێرانی کورد وەردەگرن و شۆفێرە عەرەبەکانیش بەبێ پارەدان دەتوانن لە بازگە نایاساییەکانی ئەو چەکدارانە، دەرباز بن.



شۆفێرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە چەکدارەکان سووکایەتیی بە شۆفێرانی کورد دەکەن و لەکاتی وەرگرتنی پارە لێیان، پێیان دەڵێن ”سەرانەتان لێوەردەگرین“.



دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.






باسنیوز
Top