سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات سوپای ئەمریکا لە کوردستان بمێنێتەوە

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات سوپای ئەمریکا لە کوردستان بمێنێتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت نزیکەی 6 ملیۆن کورد لە کوردستان دەژین و ئەو رۆژەش سەربەخۆیی کوردستان راگەیێندرا، ئەویش هیچ پۆستێکی سیاسیی بەلاوە گرنگ نابێت، چونکە گەلی کورد بە ئامانجی خۆی گەیشتووە، کە سەربەخۆییە.


دەربارەی ئیدارەی نوێی ئەمریکاش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئەمریکا لە بواری سەربازی و سیاسییەوە لەسەر یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و پشتگیریش لە مانەوەی سوپای ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە ئەو هەنگاوە یارمەتیدەری هەولێر دەبێت بۆ ئەوەی رێگا لە زیادبوون و گەشەی تیرۆر بگرێت. دەربارەی شەڕی دژ بە داعشیش، بارزانی دەڵێت : "ئەو شەڕە تەنیا سەربازیی نییە، بەڵکوو رەهەندی کۆمەڵایەتی و کولتووریشی هەیە". سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانیشی بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا دووپاتکردەوە بۆ مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەو رێکخراوە تووندڕەوە.


سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات کە لە ساڵانی 2010 و 2011 بە فەرماندەکانی سوپای ئەمریکای راگەیاند کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق دەرفەت دەداتە تیرۆر بۆ ئەوەی گەشە بکات و ئاماژە بەوەش دەکات "ئەگەر ژمارەیەک سەربازیی ئەمریکی لە عێراق بمانایەتەوە، ئەوا داعش نەیدەتوانی روومادی و موسڵ کۆنتڕۆڵ بکات". بارزانی ئومێدەوارە پاش شەڕی موسڵ ئەمریکا هەمان هەڵەی 2011 دووبارە نەکاتەوە و سوپای وڵاتەکەی نەکشێنێتەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لە پەیوەندی بەهێزیی نێوان هەولێر و ئەنقەرەش دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات، کە نابێت بەغدا لەم بوارەوە رەخنە بگرێت، چونکە حکومەتی عێراق دژ بە یاسا و دەستوور بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و ئەوەش کاتێک بوو کە هێشتا هەولێر نەوتی خۆی رەوانەی دەرەوە نەکردبوو.

بارزانی تیشک دەخاتە سەر رۆڵی ئێرانیش و دەڵێت، ئێران پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکانیش هەیە و ئێستاش گەورەترین رۆڵ لە عێراقدا دەگێڕێت.


سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێرشی ساڵی 2003ی سوپای ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی "سەدام حوسێن" بە باشترین بڕیار ناودەبات، بەڵام پاشان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دوو هەڵەیان کرد، یەکەمیان بە ئەنجامی کۆنگرەی لەندەن پابەند نەبوون و دووەمیان سوپای ئەمریکا خۆی لە سوپایەکی رزگارکەرەوە کرد بە سوپایەکی داگیرکەر. دەربارەی رەوشی سووریاش، نازانرێت کێ دۆستە و کێ دووژمنە. پاشان، هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە سووریا یەکگرتوو نییە. ئۆپۆزیسیۆن یەکگرتوو نییە، بەڵام رێککەوتنی نێوان واشنتن و مۆسکۆ دەربارەی ئەو وڵاتە بەدوور نازانێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، رووسیا هەر لە سەرەتاوە دەیزانی لە سووریا چی دەکات، چونکە ئامانج و بەرژەوەندی لەو وڵاتەدا هەیە و بە سەرکەوتوویش پارێزگاری لەو ناوچانەی سووریا کردووە، کە بەلایەوە گرنگ بوون.

HAWLER -
Top