سەرۆك بارزانی بۆ (الشرق الاوسط): بەغدا تێگەیشتنی بۆ ئەو ڕاســـتییە هەیە كە شەراكەت لە عێراقدا سەرینەگرت و دەبێ ببینە دوو دراوسێـی بـــــاش
لەسەر وەختی داعشەوە، ئەمە سێهەمین دیدارم بوو لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان. لە دیداری یەكەمدا كە لە مانگی حوزەیرانی 2014 لە پاریس بەڕێوەچوو، تازە موسڵ دەكەوتە دەستی داعش، سەرۆك بارزانی پێشبینیی ئەوە بوو كە قۆناغێكی سەخت بەڕێوەیە، هەر واش دەرچوو. زستانی 2015 داوای دیدارم كرد و سەرۆك لە سەنگەرێكی هێڵی پێشەوەی شەڕی داعش پێشوازی كردم و لەو دیدارەدا گووتی سنورە نوێیەكانی ناو دەوڵەتان و نێوانی دەوڵەتانی ناوچەكە بە خوێن دەنوسرێنەوە. لەم رۆژانەشدا لە داڤۆس بینیم و دەبوایە دیدارەكە بە پرسیار دەربارەی شەڕی موسڵ و داعش دەستپێبكەم، بەرلەوەی بێینە سەر بابەتەكانی نێوخۆی عێراق. ئەمەش دەقی گفتوگۆكەمان بوو:
* جەنابی سەرۆك شەڕی موسڵ گەیشتۆتە كوێ؟
- لای چەپی موسڵ ئازاد كراوە و ئەوەش سەركەوتنێكی گەورە و زەبرێكی كوشندەیە لە داعش.
* كەی موسڵ بە تەواوی ئازاد دەكرێت، چەند مانگێكی دیكەی دەوێت یان زیاتر؟
- لەم شەڕەدا هەموو ئەگەرێك واریدە، لە هەندێ شوێن پێشبینی بەرگرییەكی بەهێزمان لە داعش دەكرد، وا نەبوو، لە هەندێ شوێنی دیكەش كە پێشبینی بەرگریی بەهێزمان نەدەكرد، بە پێچەوانەوە بوو. بۆیە زۆر زەحمەتەوادەی ئازادكردنی تەواوی موسڵ پێشبینی بكەین.
* زیانەكانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش چەند بوو؟
- قوربانییەكی مەزنمان دا هەم لە رووی ژمارە و هەم لە رووی چۆنایەتی، تا ئێستا 1668 شەهیدمان داوە و 9725 بریندارمان هەیە. لەبەرامبەردا و بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەكانی خۆمان و هاوپەیمانان، داعش زیاتر لە پازدە هەزار كەسی لێ كوژراوە.
*لەم شەڕەدا ئەو هاوكارییە كران كە دەتانخواست؟
- لە رووی پشتێوانیی ئاسمانییەوە بەڵێ، بەڵام لە رووی پڕچەككردنی پێشمەرگەوە وەك پێویست نەبوو.
* دەكرێ بڵێین ئەگەر فرۆكەكانی ئەمریكا نەبوایە، شەڕەكە زیاتر درێژەی دەكێشا؟
- بێ گومان . پشتیوانیی ئەمریكا و هاوپەیمانان بە گشتی هەم بۆ پێشمەرگە و هەم بۆ سوپای عێراق رۆڵێكی زۆر گرنگی بینی.
* بۆردومانی فرۆكەكان كاریگەر بوون، ئامانجەكانیان باش دەپێكا؟
- زۆر كاریگەر بوون و زۆر باش ئامانجەكانیان دەپێكا. بە فەخر و شانازییەوە دەڵێم هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هاوپەیمانان زۆر نایاب بوو.بە درێژایی شەڕەكە تا ئەمڕۆ یەك ئامانجی مەدەنی بەهەڵە نەپێكرا و ئەمەش لە مێژووی شەڕەكانی دنیادا بێ وێنەیە.
* ئایا دەزگایەكی هەواڵگریی بەهێزتان هەیە، هیچ زانیاریتان لە سەر حەشارگەی ئەبوبەكر بەغدادای هەیە؟
- بەڵێ دەزگایەكی هەواڵگریی زۆر بەتوانامان هەیە و رۆڵێكی گرنگی لەم شەڕەدا گێڕا. بەڵام لە راستیدا جێگەی بەغدادی پێنازانین
* ئایا بەغدادی هات و چۆی دەكرد؟
- بەڵێ پێشتر لە موسڵ بوو بەڵام نازانین لە كام گەڕەك بوو. لە نێوان موسڵ و تەلەعفەر و سوریا و عێراقدا دەهات و دەچوو، بەڵام بەم دواییە جوڵەی زۆر كەمبۆتەوەو هیچی لەبارەوە نازانین.
* ئایا داعش لە رووی ئەمنی وسەربازییەوە كارامەن؟
- ناتوانم بڵێم كارامەیییەكی سەربازی ئەوتۆیان هەیە، بەڵام لە رووی شوشتنەوەی دەماغ و دروستكردنی ئامادەیی بۆ مردن لای چەكدارەكانیان، سەركەوتوون، هێزی داعش لەمەدایە نەك كارامەیی سەربازی.
* چەند دیلی داعشتان لایە و رەگەزنامەیان چییە؟
- ناتوانم ئاماژە بۆ ژمارەیان بكەم، بەڵام لە رەگەزنامەی جۆراوجۆرن.
* هیچ كەس خۆی لێ كردوون بە ساحێب؟
- تا ئێستا كەس بەدەمیانەوە نەهاتووە.
* خەڵكی غەیرە عێراقییان زۆر تێدایە؟
- غەیرە عێراقییەكان زۆربەیان چیچانیین، ئۆزبەكی و تركمەنستانی و كازاخی و تورك و ئازەریشیان تێدان.تەنانەت خەڵكی هەندێ ناوچەی چینیشیان تێدایە، بەڵام عەرەبەكانیان زۆرتر تونسیین.
* شەڕێكی سەختتان لە بەعشیقە كرد، ئەو شەڕە چۆن بوو؟
- باشیك دەكەوێتە پازدە كیلۆمەتری باكوری موسڵ. شارێكی گرنگە. نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاجیای تێدا دەژین لە عەرەب و كورد و مەسیحی و ئیزیدی، داعش باش خۆی لەو شارەدا قایم كردبوو. كە شەڕی موسڵ دەستیپێكرد، پێشمەرگە لە پشتی داعشەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە شارەكەیان گەمارۆ دا، ئەو داعشانەی لە شارەكەدا خۆیان قایم كردبوو ژمارەیان سەدو سیازدە چەكدار بوو. بە جۆرێك مێشكیان شۆرابۆوە، یەك كەسیان خۆیان بەدەستەوە نەدا، سەد كەسیان كوژران و سێ كەسیان بە برینداری گیران. باشیك رەمزی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییە. دوای ئازادكردنی، خەڵكەكە بە موسڵمان و مەسیحی و ئیزیدیی و تایەفەكانی دیكەوە بە چەپكە گوڵ پێشوازییان كردینو ئەو چەپكە گوڵە كە رەمزی ئاشتەوایی و پێكەوەژیانە بە لای منەوە زۆر بە نرخ بوو.
* راستە داعش خۆیان لە مزگەوت و كڵێساكاندا حەشاردابوو؟
- بەڵێ، لەبەر ئەوەی رێنومایی درابوو كە مزگەوت و كڵێسا و نەخۆشخانەكان بۆردومان نەكرێن، داعش ئەو هەلەی قۆستبۆوە.
* دواجار هاوپەیمانان ناچار بوون لەو جێیانە بدەن؟
- بە پێی زانیاری من ئەو شوێنانە لێنەدران، مەگەر زۆر بە كەمی.
* گوتتان بۆردومانی هاوپەیمانان لە جەبهەی شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش زۆر دەقیق بوون؟
- یەكجار دەقیق و وورد بوون. لە مێژووی شەڕدا شتی وا روینەداوە كە یەك مەدەنی بەرنەكەوێت و بۆیە ئەو هاوكارییە ئاسمانییە بە راستی بێ وێنەبوو.
* موسڵ دوای ئازادكردنی بۆ چ عێراقێك دەگەڕێتەوە؟
- شاری موسڵ و پارێزگاكە بە گشتی جیاوازە لە شارەكانی دیكەی عێراق. شارێكی فرە رەنگە. پێش داگیركردنی نزیكەی سێ سەد هەزار كوردی لێ دەژیا، كە ئێستا زۆربەیان ئاوارە بوون. مەسیحی و توركمان و كوردی شیعە و عەرەبی شیعەشی تێدایە، بۆیە موسڵ مامەڵەیەكی تایبەتی دەخوازێ. بەشێك لە ناوچە كوردستانییەكان سەربە موسڵن وەك شنگال كە زۆرینەی كوردە و هەروەها شێخان و تەنانەت ئاكرێش، لە سەردەمی بەعسدا هەمووی لە كوردستان داپچڕان و خرانە سەر ئەوێ. مەعقول نییە قبوڵمان بێت ئەو ناوچانە سەر بە موسڵ بمێننەوە. هەموو بڕیارەكانی سەردەمی بەعس و مەجلیسی قیادەی سەورە ئیلغا كراونەتەوە، بۆ دەبێ تەنیا ئەم بڕیارانە وەك خۆیان بمێنن؟ سەرباری ئەوەش ئێمە لەگەڵ راپرسین لەو ناوچانەدا.
* چەند ساڵی تەمەنت لە شەڕدا بەسەربردووە؟
- سێ بەشی تەمەنم لە خەبات و شاخ و پێشمەرگایەتی بەسەربردووە. تەمەنم شازدە ساڵ بوو بووم بە پێشمەرگە تا بە ئەمڕۆ دەگات.
* سەددام دڵرەقتر بوو یان ئەبوبەكر بەغدادی؟
- ستەمكاران زۆرن، هەر یەكە و لە قۆناغێكدا.
* ئایا داعش رقێكی تایبەتی بەرامبەر كورد هەیە؟
- داعش رقی لە مرۆڤایەتییە.زۆرینەی كورد موسڵمانی سوننەن و باوەڕیان بە پێكەوەژیان هەیە و كراوەن. ئەمەش پێچەوانەی بیروباوەڕی داعشە. داعش دەیویستهەموو ناوچەكە داگیربكات، كورد بەرسنگی لێگرت و شكاندی، بۆیە رقیان لە كوردە.
* لە دیلەكانی داعش زانیاریتان دەسكەوتووە كە ئایا دەیانویست خۆیان لە كوردستان قایمكەن؟
- بەڵی دەیانویست هەولێر و شارەكانی دیكەی كوردستان داگیربكەن، نەك هەر هەولێر، دەیانویست لە هینستانەوە تا ئیسپانیا داگیربكەن. ئەگەر چیاكانی كوردستانیان بگرتایە بڕواناكەم كەس بیتوانیایە لەو شوێنە سەختانە دەریانپەڕێنێ. داعش دەزانێ كە كورد رێی لێگرتن و پێشڕەوی و شاڵاوەكەی راگرتن، بۆیە لە كورد بە داخن.
* پەیوەندی هەرێم و بەغدا چۆنە؟
- لە ئازادكردنی موسڵدا هەماهەنگییەكی باش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە و دەتوانین لەسەر ئەم پەرەسەندنە ئیجابییە، شتی باش بۆ ئایندە بینا بكەین. بەڵام لە بوارەكانی دیكەدا هیچ جۆرە پێشكەوتنێك لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا نەهاتۆتەدی، لە دوایین سەردانم بۆ بەغدا پێمگوتن بەداخەوە نەمانتوانی شەراكەتی راستەقینە لە نێوانمان دروستكەین، بۆیە باشتر وایە بۆ شێوازێكی دیكە بگەڕێین و ببینە دوو دراوسێ باش و دۆستی یەكدی.
* ئەوەت بە عەببادی گووت؟
- بەڵێ بە عەببادی و بە سەركردەكانی تەحالوفی وەتەنیم گووت.
* وەڵامیان چی بوو؟
- تێگەیشتنیان هەبوو بۆ مەسەلەكە.
* بەغدا بۆ تا ئێستا بۆدجەی هەرێمی نەناردووە؟
- ئەم پرسیارە دەبێ لە بەغدا بكرێت. ئەوان دەڵێن بۆیە بۆدجە نانێرین چونكە هەرێم سەربەخۆ نەوت دەفرۆشێ، كەچی لە راستیدا بەغدا بۆدجەی هەرێمی بڕی بەرلەوەی كورد دەست بە نەوت فرۆشتن بكات.
* عەببادی بەڵێنی نەدایتێ كە بۆدجەكە بگەڕێنێتەوە؟
- بەڵێن زۆرن كە جێبەجێنەكراون. كێشە و ئاستەنگ هەن.
* عەببادی كێشەی بۆ دروستكراوە لە حوكمرانییەكەیدا؟
- لەو باوەڕەدام ئاستەنگ و فشار و پیلان لەسەر عەببادی هەن بۆ ئەوەی بیشكێنن. تەنانەت لە شەڕی ئازادكردنی موسڵیشدا، ئەوانەی موسڵیان بەدەستەوە دا و هەڵاتن، بە هەموو رێگەیەك هەوڵیاندا ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ شكست بێنێ.
* حەشدی شەعبی رۆڵی هەیە لە ئازادكردنی موسڵدا؟
- لە ناو موسڵ نا، بەڵام لە رۆژئاوای موسڵ بەڵێ، تەلەعفەر ئەوان ئازادیان كرد.
* جاروبار لێدوانی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی دژی پێشمەرگە دەبیستین. پێتان وایە شەڕی داهاتوو لە نێوان پێشمەرگە و حەشد دەبێت؟
- ئەو جۆرە لێدوانە نامەسئولانایەمان گوێ لێیە. بەڵام لە ناو حەشد خەلكی واشی تێدایە كە هەست بە مەسئولیەت دەكەن. ئێمە لە لای خۆمانەوە دەمانەوێت لاپەڕەی شەڕ دابخەین و ئیتر رووبكەینە ئاوەدانكردنەوە و باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك. بێگومان ئەو جۆرە لێدوانانە نیگەرانمان دەكەن، هەر لایەنێكیش دەستدرێژی بكاتە سەر كوردستان بێگومان بە توندی بەرپەرچ و وەڵامی دەدەینەوە، بەڵام هیوادارین رەوشەكە بەو قۆناغە نەگات. وەك گوتم لە ناو حەشددا خەڵكی بێ ئیلتیزام و هاوكات خەڵكی بەرپرسیاریشی تێدان.
* لە شەڕەكاندا هەماهەنگیی لەگەڵ ئێران دەكەن؟
- ئێمە هەماهەنگیمان تەنیا لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە، ئەوە حەشدی شەعبییە هەماهەنگە لەگەڵ ئێران.
* پەیوەندیتان لەگەڵ توركیا چۆنە، نەبۆتە كێشە بۆ پەیوەندیتان لەگەڵ ئێران؟
- پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا زۆر باشە و لەسەر حسابی پەیوەندییمان لەگەڵ ئیران نییە.
* دەڵێن لە بەغدا قسەی ئەوەڵ و ئەخیر بۆ ئێرانە، ئەی لە هەولێر؟
- پێم وایە لە بەغداش بەو جۆرە نییە و قسەی ئەوەڵ و ئەخیر بۆ ئیران نییە، بەڵام ئیران خاوەن گەورەترین دەسەلاتە لە بەغدا.
* بۆ نموونە، ئایا هەرێم دەتوانێ لەگەڵ بەغدا تەفاهوم بكات بێ تەفاهوم لەگەڵ ئێران؟
- ئیران گەورەترین هەژموون و دەسەڵاتی هەیە لەبەغدا، پێم وانییە هەرێم و بەغدا بتوانن رێكەون بە بێ رالێبوونی ئێران .
* دەڵێن بەعسییەكان ئاسانكارییان بۆ داعش كردووە كاتی گرتنی موسڵ، ئێستا دەوریان ماوە؟
- ئێستا دەوریان زۆر كەم بۆتەوە. كاتێ داعش داخڵی موسڵ بوو، بەعسییەكان نزیكەی پێنج سەد چەكدارێكیان هەبوو، ئەوان و خەڵكی دیكە هاوكاری داعشیان كرد، بەڵام دواتر داعش لێیان هەڵگەڕایەوە و زۆربەی لەناو بردن.
* دەزگا هەواڵگرییەكانتان هیچ دەربارەی شوێنی عیزەت دوری دەزانن؟
- هیچ زانیارییەكی نوێمان لەو بارەیەوە نییە، بە پێی زانیارییەكانی پێشومان عیززەت دوری لە دەرەوەی عێراق بووە.
* لە دەرەوەی عێراق لە كوێ؟
- ماوەیەك لە یەمەن بووە، جا نازانم دوای روداوەكانی یەمەن توانیویەتی لەوی بمێنێ یان نا.
* قەت هەوڵیداوە پەیوەندیتان پێوە بكات؟
- هەرگیز .
* جاروبار دەگوترێت پەیوەندی نهێنیتان لەگەڵ هەندێ لە كۆنە بەعسییەكان هەیە ؟
- هیچ پەیوەندی نهێنیمان نییە، ئەگەر پەیوەندی هەبێت بە ئاشكرا دەبێت. هەرێمی كوردستان بۆ هەموو عێراقییەكان كراوەیە جگە لەوانەی بەدواداچوونی یاساییان لەسەرە . ئێمە لاپەڕەی نوێمان لەگەڵ هەمووان كردۆتەوە.
* چۆن دەڕواننە بارودۆخی عەرەبی سوننە لە عێراقدا؟
- حاڵیان باش نییە، بەداخەوە كێشەی سەرەكییان ئەوەیە كە مەرجەعییەتی سیاسی و ئایینیان نییە، پەرت و بڵاو و نارێكن لە ناوخۆیاندا.
* راستە هاوسەنگیی مێژویی نێوان سوننە و شیعە لە عێراق تێكشكاوە بە تایبەت پاش ئەوەی لە ئەنبار رویدا؟
- بێ گومان هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندی سوننە نییە.
* راستە دەڵێن سەروەختی روخانی سەددام وەفدێكی سەركردەكانی سوننە هاتونەلات و ئامۆژگاریت كردوون كە هەرێمێك بۆ خۆیان دروستكەن؟
- بەڵێن هاوكاریشمان كردن و كۆنگرەیان لە هەولێر بەست. راشكاوانەتر پێت بڵێم : من لەگەڵ نوێنەر و سەركردەكانی سوننە قسەم كرد، پێم گوتن عێراق و جیهان و هەرێم و كۆی هەلومەرجەكە گۆڕاوە.
دەبێ ئێوەش عەقڵیەتی رابردوتان بگۆڕن. ئەگەر پێتان وایە شیعە و كورد غەدرتان لێدەكەن، بەڵێن بێت من پشتتان دەگرم، بەڵام ئەگەر پێتان وابێت دەتوانن رابردوو بگێڕنەوە، ئەوە لە خەیاڵدا دەژین، بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە فیدرالی قبوڵ بكەن. بەداخەوە ئەم قسەیەیان بە جددی وەرنەگرت و هێشتا لە ژێر كاریگەریی كولتوری كۆنی تاك حزبی و گێڕانەوی دەسەڵاتی رابردوودا بوون، ئەوانەشیان كە دركیان بە راستییەكان كردبوو، لە ترسی موزایەدەی ئەوانی دیكە نەیانتوانی بڕیاری دروست بدەن.
* ئەو كاتە شیعە هەرێمی سوننەیان قبوڵ بوو، قسەت لەگەڵ ئەوان كردبوو؟
- بەڵێ قسەم لەگەڵ كردبوون و ئەوكاتە شیعە هەرێمی سونەیان قبوڵ بوو بەڵام سوننە نەهاتنە ژێر بار. ئێستا هاوكێشەكە پێچەوانە بۆتەوە، سوننە قبوڵیانە و شیعە رەتیدەكەنەوە. ئێستا بارودۆخی سوننە زۆر خراپە، ناوچەكانیان وێران بوون و زۆربەیان ئاوارەن و مەرجەعێكیشیان نییە كۆیان بكاتەوە.
* هەژمون و دەسەڵاتی ئەمریكا لە عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنی، ئەمریكا لە عێراقدا لاوازە؟
- لە راستیدا بە رواڵەت هیچ هەژمونێكی ئەمریكا لە عێراقدا نابینم، مەگەر لە پشتی پەردە شتێكی دیكە هەبێت.
- پێشبینی دەكەیت لە سەردەمی ترامپ مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ دۆسییەی عێراق گۆڕانی بەسەردا بێت؟
- هەموان پێشبینی گۆڕانێكی گشتی لەسیاسەتی ئەمریكادا دەكەن نەك تەنیا لە دۆسییەی عێراقدا.
* پێتانوایە ترامپ زیاتر پشتگیریی كورد دەكات؟
- ئەوە پێشبینی دەكەین.
* لەگەڵ كاربەدەستانی نوێی ئەمریكا پەیوەندیتان هەیە ؟
- پەیوەندییەكی باشمان هەیە و زۆربەیان لە نزیكەوە دەناسین. هەندێكیان لە ناوچەكەدا كاریان كردووە و سەردانی كوردستانیان كردووە و شارەزایی زۆریان دەربارەی بارودۆخی ئێمە هەیە.
* مەبەستت تیمی بەرگری و ئاساییشی ئیدارەی ئەمریكایە؟
- جگە لە بەرگری و ئاساییش، لەگەڵ وەزیری دەرەوەش دۆستایەتیمان هەیە و ئەو كاتەی سەرۆكی كۆمپانیای ( ئیكسۆن مۆبیل)بوو، چەند جارێك یەكدیمان بینیوە.
* بە تەقدیری ئێوە، ترامپ جیاواز دەبێ لە ئۆباما بەرامبەر ئێران؟
- پێشبینی ئەوە دەكرێت و لە هەڵوێست و لێدوانەكانیشی هەر ئەوە دەخوێندرێتەوە. پێدەچێ توندتر بێت بەرامبەر ئیران.
* ئەم لێكدانەوەیەت لەسەر چ ئەساسێكە؟
- لەسەر ئەساسی هەڵوێست و لێدوانەكانی، هەروەها لێدوانی تیمی نوێی بەرگری و ئەمنی قەومی ئیدارەكەی، هەروەها لەسەر ئەساسی ناسینی خۆم بۆ ئەو تیمە نوێیە.
* عێراق بە یەكگرتویی دەمێنێتەوە؟
- زەحمەتە . زۆر زەحمەتە.
* پێكەوەژیانی كورد و عەرەب لە عێراق روخا؟
- بە تەواوی نەڕوخاوە، بەڵام گەیشتۆتە ئاستێكی یەكجار خراپ. برایانی عەرەب شەراكەتی راستەقینەیان لەگەڵ كورد قبوڵ نەكرد.
* بەغدادت خۆش دەوێ؟
- بەغدا و ئەوانەی حوكمی بەغدا دەكەن دوو شتی جیاوازن. من لە بەغدا ژیاوم و لەوێ خوێندومە و وەك شار خۆشم دەوێ، بەڵام ئەركەكەی من دیارە، ئامانجی من ئەوەیە دەسكەوتێك بۆ گەلی خۆم بەدەستبێنم. ساڵی دوو هەزار و پێنج، چەنجا و سێ رۆژ لە بەغدا مامەوە و زۆر بە جددی بەشداریمان لە داڕشتنی دەستوردا كرد، لەو كاتەدا سی و شەش جار شوێنی مانەوەم لە بەغدا كەوتەبەر بۆردومان. هەرچیمان لەدەست هات بۆ پاراستنی عێراق و بەدیهێنانی شەراكەتی راستەقینە درێغیمان نەكرد، بەڵام هەندێك لەو سیاسییانەی بە ناوی عێراقەوە حوكمیان كرد، هەموو پرد و پەیوەندییە مێژوییەكانیان لە نێوانماندا روخاند و لە نیازی پاكی ئێمە بۆ شەراكەتی راستەقینە تێنەگەیشتن و بۆیەش ئێستا ئیتر حەقە لۆمەی خۆیان بكەن نەك ئێمە.
* ئەگەر جارێكی دیكە نوری مالكی لەسەر تەختی سەرۆكایەتی حكومەتی عێراق ببینی، چی دەكەی؟
- نامەوێ مەسەڵەكان بە شەخسی بكەین. بەڵام تەمەننا دەكەم ئەوە روونەدات لەبەر بەرژەوەندی خودی عێراقییەكان.
* جارێكی دیكە دەپرسم چی دەكەی ئەگەر مالكی بگەڕێتەوە حوكم؟
- لەگەڵ دەسبەكاربوونەوەی مالكی، دەستبەجێ سەربەخۆیی كوردستان بێ گەڕانەوە بۆ هیچ لایەك رادەگەیەنم و چی دەبێت با ببێت.
نامانەوێ ئەوەندەی لە عێراق ماوە ئەویش وێران بێت. لەسەردەمی ئەودا هەزاران عێراقی لە هەموو پێكهاتەكان تیرۆر كران و لیستی ناوەكانمان لە لایە. ناڵێم بەدەستی خۆی كوشتوونی، بەڵام لەژێر سایەی ئەودا و بە رەزامەندی ئەو كوژراون، بەداخەوە نەهجێكی تائیفییانەی خۆسەپێنی گرتەبەر و بە یەكجار لە كورد و شیعە و سوونەی دا و سەروەختێك خۆی لێ بووە حاكمی تاك و تەنیای عێراق. مومكین نییە قبوڵمان بێت لە عێراقێكدا بمێنینەوە كە مالكی حاكمی بێت. زۆر بەداخەوە قەت بڕوام نەدەكرد مالكی بگاتە ئەو ئاستە لە رق و دوژمنایەتی بەرامبەر بە كورد.
* تا ئەو ئاستە لە مالكی نیگەرانیت؟
- مالكی خیانەتی لە متمانەی برایەتی و هاوكاری كرد.
* مالكی دەیویست وەك سەدام بێت؟
- توانی هەبوایە دەیویست زۆر لەو خراپتر بێت.
* دوای ئازادكردنی موسڵ، دەست دەكەنەوە بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر رەوشی هەرێم و بۆدجە؟
- گفتۆگۆ لەسەر ئەوە دەكەین چۆن ببینە دوو دراوسێی باش.
* پرۆژەیەكی ئامادەت هەیە ؟
- بەڵێ.
* مەبەستت لە دراوسێی باش چییە، وەك بەشێك لە عێراق دەمێننەوە؟
- با بزانین كاروبارەكە بەرەو كوێ دەچێ، شێوازی پێكەوەژیانی رابردوو سەرنەكەوت. مەبەستیشمانە لە نێوان عێراق و كوردستاندا جارێكی دیكە شەڕ و خوێنڕشتن دوبارەنەبنەوە.
* مەبەستتان ئەوەیە ئەگەر نەبنە دوو دراوسێی باش، دوبارە بەریەكدەكەون؟
- خەمی ئەوەمە، هیواداریشم لە ئایندەدا ئەوە روونەدات.
* دۆخی سەرۆكایەتی لەهەرێمدا چۆنە؟
- سەرۆكایەتی هەرێم بۆ دوو خولە و جارێكیش بۆ دوو ساڵ درێژكراوەتەوە. كاتێ داخڵی شەڕی داعش بوین، داوام لە پەرلەمان و حزبەكانی بەشداری پەرلەمان و حكومەت و دەرەوەی پەرلەمان و حكومەت كرد كە مادام لە حاڵەتی شەڕداین بڕیارێك لەو بارەیەوە بدەن. یان وەزعەكە وەك خۆی بەردەوام بێت یان هەڵبژاردن بكەن یان كەسێك دەسنیشان بكەن تا پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم وەربگرێت چونكە من ئەو كورسییەم مەبەست نییە و پێویستیشم پێی نییە. هەندێ لایەن لە پەرلەماندا نیمچە ئینقلابێكیان كرد و پرنسیپی سازانیان ژێرپێنا، بۆیە ناچاربوین رووبەرویان ببینەوە و دواتریش بڕیار درا من لە سەرۆكایەتیكردنی هەرێم بەردەوام بم تا هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ.
* دەتوانی سەرۆك نەبیت؟
- بەڵێ دەتوانم. من سەرۆك بم یان نا، هیچ لە پێگەم ناگۆڕدرێ. چونكە بێ ئەوەی سەرۆكیش بم دەتوانم لە خزمەتی ووڵاتی خۆم بەردەوام بم .
* ئایا لابردنی هۆشیار زێباری دژی تۆ بوو؟
- دژی من نەبوو، دژی عەببادی بوو، دژی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بوو. بۆیە پێشتر پێم گووتی پیلانگێڕییەك لە ئارادا بوو. وایانزانی بە لادانی هۆشیار زێباری، كاردانەوەی توندمان دەبێ و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و عەببادی دەپچڕێنین. بەڵام بە پێچەوانەوە،چوومە بەغدا و بڕیارمان دا پشتگیریی عەببادی بكەین. چونكە دڵنیابوین ئامانجی ئەوان هەڵوەشانەوە و شكستپێهێنانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ بوو.
* بۆ ئەوەی عەببادی لابدەن و كەسێكی دیكە بخەنە شوێنی؟
- بەڵێن ئامانجیان گێڕانەوەی مالكی بوو. ئەوانەی ئەو كارەیان كرد تاقمی مالكی و هەندێ كوردی هەڵخەڵەتاو بوون.
* ئێستا پەیوەندیتان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چۆنە؟
- بەداخەوە حاڵی حازر یەكێتی بە هۆی لێكترازانی نێوخۆیی بۆتە دوو سێ ناوەند، هەوڵمان دا یكگرتوو بن. ئێستاش سەرباری هەر تێبینییەك، مامەڵەمان لەگەڵ یەكێتی بەلاوە پەسەندترە. بۆیە هاندەر و هاوكاریان دەبین بەرەو یەكبوونی ریزەكانیان و دواتریش پێكەوە كێشەكان چارەسەر دەكەین.
* دەڵێن لە رابردوودا قۆناغی بوژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان، رێگای بۆ گەندەڵی خۆش كرد، چ دەڵێن لەو بارەیەوە؟
- نكۆڵی ناكەم، بەڵام زیادەڕۆییشی تێدایە. بڕیارمانداوە گەندەڵی قەڵاچۆبكەین. هەنگاوی كردەنی لە ئارادان بۆ ئەوەی سنوور بۆ گەندەڵی و پاوانخوازی و خراپ قۆستنەوەی دەسەڵات دابنێین.
* پێتان وایە سوریا وەك جاری جارانی لێبێتەوە؟
- مەحاڵە.
*دەكرێ ببێتە فیدرالی؟
- لەو باوەڕەدام رۆژهەڵات و رۆژئاوای فورات دابەش دەبن. هەر یەك لەو دوو ناوچەیە وەزعێكی تایبەت بەخۆی دەبێت. ئەمریكا و روسیا حاڵی حازر لە سوریا خەریكی پێكهاتنێكن، بەڵام ئایا كێ لەم پێكهاتنە زەرەرمەندە، نازانم. كێ فرۆشیارە و كێ كڕیارە نازانم.
*لەو باوەڕەدای دەستوەردانی روسیا هاوكێشەكەی سوریای گۆڕی؟
- بێ گومان . روسیا زانی چی دەكات و چی دەوێت.
* ئایا روسیا رژێمی بەششاری قورتار كرد؟
- گومانی تێدا نییە.
* بەو پێیەی لە سوریادان، ئێستا روسیا لەسەر سنوری هەرێمی كوردستانە؟
- ئەوان لە رۆژئاوای فوراتن، هێشتا نەگەیشتونەتە سنور. بەڵام ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ روسیا باشە. ئەو یەكەمین دەوڵەتی زلهێز بوو كە كونسوڵخانەی لە هەولێر كردەوە.
* ئەگەر هەیە بچیتە سوریا و سەرۆك بەششار ئەسەد ببینی؟
- لە ئێستادا سەختە، بەڵام لە ئایندەدا هیچ شتێك مەحاڵ نییە.
* پێشبینی مانەوەی ئەسەد دەكەی؟
- بە پێی پەرەسەندنەكان لە سوریا، وا پێدەچێ.
HAWLER -
