ئاوارەکان "زامى بەغدا" بۆ گەرمیان دهگوێزنهوه
لیشمانیا کە بە "برینی بەغدا یان زامی بەغدا"ش ناسراوە، بەهۆی مشەخۆری لیشمانیاوە دەگوازرێتەوە و زیاتر لە ناوچە گەرمەکان بڵاوە. لە دەوروبەری کوردستاندا، لیشمانیا زیاتر لە ناوچە عەرەبییەکانی سووریا و عێراق بڵاوە. ئەوەی لە عێراق و سووریا هەیە زیاتر لیشمانیای پێستە کە بە "برینی بەغدا" ناودەبرێت. ئەو جۆرەیان کە تووشی هەناو دەبێت و مەترسیدارە، زیاتر لە هیندستان بڵاوە کە بە "کەڵە ئازار" ناودەبرێت.
دکتۆر رەنجدەر قەرەداغی، پزیشکی پێست لە سلێمانی، بە (رووداو)ى گوت "هەندێکجار لیشمانیا هیچ نیشانەیەکی نییە هەستی پێبکرێ، هەندێکی دیکەش سەرەتا تەنیا چەند زیپکەیەکی بچووک لەسەر چەند شوێنێکی پێستیان دروست دەبێت. زیپکەکان وردە وردە گەورە دەبن و دەبنە برینێکی ناشیرین و تەنانەت قێزەونیش، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەدا زۆربەی کات برینەکە بێ ئازارە".
پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێ نەخۆشییەکە راستەوخۆ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە. واتە بەرکەوتنی برینەکە نابێتە هۆی گواستنەوە لە کەسێکی تووشبوو بۆ یەکێکی تەندروست. گواستنەوە تەنیا لە رێگای پێوەدانی مێشوولەی مێیینەی ساند فلای دەبێت کە مێشوولەیەکی بێدەنگە و قەبارەکەی لە مێشوولەی ئاسایی زۆر بچووکترە.
د.عەبدولفەتاح هەورامی، پسپۆڕی پزیشکیی کۆمەڵ بە (رووداو)ی گوت "کاتێک مێشوولەکە بە کەسێکی تووشبووەوە دەدات، گەرای لیشمانیاکە لە خوێنی ئەو کەسەوە وەردەگرێت. گەراکە تەنیا لەنێو لەشی ئەو مێشوولەیەدا توانای هەیە گەشە بکات و بگۆڕێت بۆ ئەو قۆناغەی توانای تووشکردنی خەڵکی هەبێت. کاتێک مێشوولەکە مشەخۆرێکی تووشکەری هەڵگرتووە و بە کەسێکی تەندروستەوە دەدات، مشەخۆرەکە بۆ نێو جەستەی کەسەکە دەگوازێتەوە. مشەخۆرەکە خۆی لەنێو خڕۆکە سپییەکان دەشارێتەوە و زاوزێ دەکات. خڕۆکە سپییەکە دەتەقێنێت و ژمارەیەکی زۆر مشەخۆر بەنێو خانەکانی پێستدا لە شوێنی پێوەدانی مێشوولەکەوە بڵاو دەبنەوە و خانەکانی پێست تێکدەشکێنن و برینێکی ناشیرین لەسەر پێستەکە دروست دەکەن".
بە گوتەى عەبدولفەتاح، باشترین رێگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە گرتنەبەری رێگاکانی خۆپارێزییە. "هیچ پێکوتەیەکمان نییە بۆ رێگری لەم نەخۆشییە، بۆیە خۆپاراستن لە رێگەی قەڵاچۆکردنی مێشوولە تووشکەرەکە دەبێت، هەروەها داپۆشینی زۆرترین رووبەری لەش بە جلوبەرگ، ئەو رووکارانەی جەستەش کە جل دایانناپۆشێ، باشترە بە ماددەی تایبەتی دژە مێشوولە رووپۆش بکرێن".
چارەسەرێکی گران
د. رەنجدەر قەرەداغی دەڵێ چارەسەر دەبێت لە قۆناغەکانی سەرەتادا بکرێت، ئەویش بە لێدانی دەرزیی دژی مشەخۆرەکە لەشوێنی برینەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی پێستەوە "بەداخەوە کە برینەکە گەورەبوو، ئاسەوارەکەی تا مردن دەمێنێتەوە و لاناچێت".
تێچووی چارەسەری هەر نەخۆشێک بەو دەرزییە، سەدان دۆلارە. بەڵام تەندروستی گەرمیان لە رێگەی (رووداو)ەوە دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی ناوچەکە کە دەرمانی پێویستیان لەبەردەستە بۆ چارەسەری تووشبووان.
60 حاڵەت لە کەلار
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی گەرمیان نایشارێتەوە کە نەخۆشییەکە لە رێگەی ئاوارەکانەوە گەیشتووەتە ناوچەکەیان و دانیشتووانی ناوچەکەى تووشی لیشمانیا کردووە.
د.سیروان محەممەد جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان، بە (رووداو)ى گوت "ساڵی رابردوو لە سنووری قەزای کەلار 60 کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، رەنگە سەرچاوەکەشى ئەو ئاوارە بن کە بەهۆی شەڕی داعشەوە هاتوونە ناوچەکەمان".
پێشتر ئاماژە بە تۆمارکردنی سەدان حاڵەتی نوێ کرابوو لە ناوچەکانی کەلار و کفری لە ساڵی رابردوودا، بەڵام دکتۆر سیروان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت"بەشێک لە میدیاکان لە زاری کەسانی نەشارەزاوە زانیاری و داتا بڵاودەکەنەوە و ناگەڕێنەوە بۆ لایەنە کارگێڕی و زانستییە فەرمییەکان".
گوتیشى "بەشێک لە میدیاکان گوتەی کارمەندە تەندروستییەکان دەگوازنەوە کە لە بنکە تەندروستییەکان کاردەکەن، بەڵام ئێمە لەڕێگەی پزیشکانی پسپۆڕەوە بەدواداچوونمان بۆ ئەو حاڵەتانە کردووە کە کارمەندە تەندروستییەکان بە لیشمانیا ناویان بردوون و بۆمان دەرکەوتووە زۆربەیان هەستەوەری یان نەخۆشیی دیکەیان هەبووە".
کوردستان زۆنی مەترسیداری لیشمانیا نییە
باشووری کوردستان ناوچەیەکی سرووشتیی نییە بۆ مشەخۆری تووشکەری لیشمانیا و مێشوولە گوازەرەوەکەی، چونکە ئەوانە زۆرتر لە ناوچە گەرمەکان دەژین. لەبارەی ئەوەی ئایا هەرێمی کوردستان هەڕەشەی لیشمانیای لەسەرە؟ د.عەبدولفەتاح گوتی "کوردستان تەنیا بە رێژەیەکی کەم مەترسی لەسەرە".
نەخۆشییەکی پشتگوێخراو
لەبەرئەوەی لیشمانیا زیاتر لە ناوچە هەژار و دواکەوتووەکانی جیهاندا هەیە (ئەفغانستان، بەنگلادیش، هیندستان، بەرازیل، میسر، عێراق و سووریا) سەرنجێکی زۆری نێوەندە زانستییەکان ناخرێتە سەر ئەم نەخۆشییە، بەڵام لە ساڵی 2003 کاتێک چەند سەربازێکی ئەمریکی تووشی لیشمانیای پێست بوون، بووە بابەتێکی گەرمی مێدیا جیهانیەکان.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەم نەخۆشییەی وەک یەکێک لە نەخۆشییە فەرامۆشکراوەکان ناساندووە و داوا دەکات سەرنجی زیاتر بخرێتە سەر رێگری لەم نەخۆشییە و چارەسەری تووشبووانی.
زامى بەغدا.. گرفتێکى دەروونی و کۆمەڵایەتی
مێشوولەی ساند فلای زیاتر بەو شوێنانەی جەستەوە دەدات کە دیارن، وەک روخسار و دەست و پێیەکان، بۆیە برینەکەش لەو شوێانە دروست دەبێت و دوای چاکبوونەوەشی شوێنەواری هەمیشەیی بەجێدەهێڵێ، بۆیە کاریگەریی دەروونی لەسەر کەسەکە دروست دەکات و لەوانەیە هەستی متمانە بەخۆیوونی کەم بکاتەوە. لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە هەندێکجار خەڵکی بە هەڵە واتێدەگەن کە نەخۆشییەکە راستەوخۆ دەگوازرێتەوە، بۆیە لە تووشبووەکە دووردەکەونەوە، ئەوەش گرفتى کۆمەڵایەتى بۆ دروست دەکات
