پەكەكە دروستكردنی هێزێكی نوێی لە چیای شنگال راگەیاند
رۆژی سێشەممە 24-1-2017 پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دامەزراندنی هێزێكی دیكەی سەربازی لە چیای شنگال بە ناوی "یەكینەكانی تایبەتی ئێزدیخان" راگەیاند.
بەپێی میدیاكانی نزیك لەو پەكەكە، مەشق و راهێنان بە دەیان شەڕڤان بە بەشداری چەندین سەكردە و بەرپرسی كارگێڕی پەكەكە ئەنجامدەدرێت.
مەحما خەلیل، قائیمقامی قەزای شنگال بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دروستكردنی ئەو هێزانە لە لایەن پەكەكە كێشە و برینەكانی خەڵكی شنگال قوڵتر دەكاتەوە. "داوا لە پەكەكە دەكەین كێشە و ململانێیەكانی لە ناوچەیەكی وێرانبووی وەكو شنگال بباتە دەرەوە، ئەم هەنگاوانە خزمەت بە سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە ناكات".
مەحما خەلیل راشیگەیاند، شنگال پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە و چارەسەركردنی كێشە و برینەكانی هەیە، بوونی پەكەكە لە شنگال و بەردەوامی لە دروستكردنی هێزو گرووپی چەكدار كێشەكان گەورەتر دەكات.
رۆژی 28-12-2016 مارك تۆنەر، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "پەكەكە لەلایەن ئەمریكا وەك گرووپێكی تیرۆریستی ناسێندراوە و پێویست ناكات هیچ رۆڵێكیان لە شنگالدا هەبێت".
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان داوای لە پەكەكە كرد بوو لە شنگال بكشێتەوە. هاوكات حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كردبوو، لەگەڵ پەكەكە كۆبوونەتەوەو داوایان لێكردووە لە شنگال و خاكی عێراق بكشێتەوە و "وەڵامی پەكەكەش بۆ ئەرێنی بووە".
RUDAW -
