لاهور تاڵەبانی: پێویستە پەیامەكەی بارزانی وەك خۆی جێبەجێ‌ بكرێت

لاهور تاڵەبانی: پێویستە پەیامەكەی بارزانی وەك خۆی جێبەجێ‌ بكرێت
لاهور تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی دەڵێت، دەبێت حیزبەكەی پابەندبێت بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامە سیاسییەکەی لەگەڵ گۆڕان. بە پێویستیشی دەزانێت پەیامەکەی بارزانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و دەڵێت "ناکرێت لە دەرەوەی پەیامەکە هیچ رێککەوتنێکی دیکە بکرێت".

دوای پێشکەشکردنی گوتارێک لە ساڵیادی شەهیدکردنی مامەڕیشە لە چەمچەماڵ، لاهور تاڵەبانی، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "رێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی گرنگە، لەبەرئەوەی بە حزووری مام جەلال ئیمزاکرا، دەبێت جێبەجێ بکرێت. دوای ئەمە ئێمە ئامادەین لەگەڵ پارتیش دابنیشین، بەڵام ناکرێت ئێمە گۆڕان پەراوێزبخەین و بچین رێککەوتنێکی تازە بکەین".

لەبارەی پەیامەكەی بارزانی بۆ چارەسەری كێشە نێوخۆیییەكانی هەرێمی كوردستان، لاهور تاڵەبانی گوتی "ئەو پەیامەی کاک مەسعود بڵاویکردەوە، دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، هەر رێککەوتنێکی دیکە لە دەرەوەی ئەو پەیامە، قابیلی قبووڵکردن نییە. پەیامەکە کاک مەسعود خۆی بڵاویکردەوە، داوای گۆڕانکاری کردووە لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، ئێمە هەموومان بەرەو پیری ئەو پەیامە رۆیشتین، بە گۆڕان و بە یەکێتی و بە لایەنەکانی دیکەشەوە. حەز دەکەین وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، حەز ناکەین پرۆژەیەکی دیکە بێتە ئاراوە، مادام کاک مەسعود ئەو پەیامەی داوە".

لە وەڵامی پرسیارێكی هاوكار یاسین، پەیامنێری رووداو سەبارەت بە کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتی، لاهور تاڵەبانی گوتی "دەبێت چارەسەر بکرێن. ناکرێت چیدیكە یەکێتی بە دەستی 15 بۆ 16 کەسەوە بناڵێنێت. دەبێت یەکێتی بگەڕێتەوە دەست یەکێتییەکان، ئێمە وەکو کادیرانی یەکێتی داوای کۆنگرە دەکەین، بۆ ئەوەی سەرکردایەتییەکی نوێ، خوێنی نوێ بێتەوە ناو ریزەکانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ ئەوەی دووبارە ئێمە بتوانین یەکێتی بکەینەوە خزمەتکاری خەڵک و ئەو یەکێتیەی کە جاران خەڵک شانازی پێوە دەکرد".
RUDAW -
Top