مەسیحیەکان دەیانەوێت ناوچەکانیان بخرێته‌ سەر ھەرێمی کوردستان

مەسیحیەکان دەیانەوێت ناوچەکانیان بخرێته‌ سەر ھەرێمی کوردستان
بەرپرسی پەیوەندیەکانی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، لەبارەی چارەنووسی مەسیحییه‌كان و ناوچه‌كانیان شاندێکی ئەنجومەنی کەنیسەکانی جیھان سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەوەی رای مەسیحییەکان وەرگرن، نوێنەری مەسیحیەکانیش پێی راگەیاندن، دەیانەوێت ناوچەکانی مەسیحیەکان بگەرێنرێنەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەریوان نەقشبەندی بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند:" ئەنجومەنی کەنیسەکانی جیھان کە نوێنەرایەتی سەرجەم کەنیسەکانی جیھان دەکات، دوای ئەوەی دوێنێ سەردانی بەغدایان کردوو ولەگەڵ سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە، سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ نوێنەری ھەر ھەشت ئایینی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، دواتر لەگەڵ ئێمەش کۆبوونەوە و مەبەستیش لەھاتنیشیان بۆ ئەوەبوو، بزانن چارەنووسی ناوچەکانی مەسیحی کە لەدەستی داعش رزگارکراون وئەو مەسیحیانەی لەعێراق ئاوارەی ھەرێم بوونە چی دەبێت.

مەریوان نەقشبەندی گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوه‌بەری کاروباری مەسیحییەکان لەوەزارەتی ئەوقاف له‌ هه‌مان كاتدا نوێنەری مەسیحیەکانیشە، باسی لەوەکرد، ئایندەی خاک و مەسیحییەکان ھەرگیز جارێکی دیکە لەگەڵ عێراق نابێت، چونکە ناتوانن جارێکی دیکە متمانە بەعەرەبی سونە وشیعە بکەنه‌وه‌، تاکە ھیوای ئەوان ھەرێمی کوردستان وگەلی کوردە، بۆیە داوای کرد ناوچەکانیان بگەرێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، داواشیکرد، ھاوکارییەکی نێودەوڵەتی پێشکەشی ئەو ناوچانە بکرێت بۆ ئەوەی ئەو کارەساتەی لێی رویداوە دووبارە نەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەش داوای کرد یەکێتی کەنیسەکانی جیھان بودجەیەکیان بۆ دابین بکەن، بۆئەوەی ئەو ناوچانە ئاوەدانبکرێنەوە.

نەقشبەندی ئه‌وه‌شی خسته‌روو: بڕیارە لەبارەی خوێندن لەگەڵ وەزیری پەروەردەش کۆببنەوە، چونکە خوێندنی ئاینی مەسیحی لای ئەوان زۆر گرنگە، خوێندن له‌عێراق ئیسلامییە و مەسیحی تێدا نیە، بۆیە دڵنیا نین لەداھاتووی منداڵەکانیان، بەڵام لەھەرێم پۆلێکی کاسیۆلۆکی ھەیە دەتوانن ئاینی خۆیان بخوێنن وئێستا سیستەمی خوێندن گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە وھەموو ئایینەکانی جێگەیان کراوەتەوە، بۆیە ئەمەیان زۆر پێ باش بوو ودوای گەرانەوەیان قسەی لەسەر دەکەن ولەئێستا بۆ بڕیاردان نەھاتوون وتەنھا رای ئێرە وەردەگرن.


payamner -
Top