پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی: مالیکی پشتیوانی هێزە تایبەتەکەی پەکەکە دەکات

 پەرلەمانتارێکی کوردی ئێزدی: مالیکی پشتیوانی هێزە تایبەتەکەی پەکەکە دەکات
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێزە تایبەتییەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال دروستی کردووە، هێزێکی مەترسیدارە.

شێخ شامۆ، ئەندامی کوردی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “هێزێکی تایبەت لەلایەن پەکەکەوە لە شنگال بە هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی بەغدا دروست کراوە، ئەو هێزە زۆر مەترسیدارە، لەلایەن کەسانی پەکەکە لە دەرەوەی ڕاهێنراون، لەلایەن نووری مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، بە هاوکاریی وڵاتێکی هەرێمی، ئەو هێزە دروستکراوە، مووچە و پارە و هاوکاریی ئەوان لەلایەن بەغداوە دەبێت”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو هێزە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی شنگال و “نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان بە نیاز نین شنگال چۆڵ بکەن".

گوتیشی: "پەکەکە پەیامێکی هەیە کە دەیەوێت لە شنگال نەچێتە دەرەوە، بۆیە دروستکردنی ئەم هێزە پرسیارێکی زۆر قووڵ دروست دەکات کە هێزێکی وا تایبەت و بەم ناونیشانە و بەم چەکانە بۆچییە؟”.








باسنیوز
Top