گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان: چاوەڕێی شاندی پارتی دەکەین

 گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان: چاوەڕێی شاندی پارتی دەکەین
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی گەڕی دووەمی کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتیی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان دەکات و ڕای دەگەیەنێت، بزووتنەوەی گۆڕان چاوەڕێی شاندی پارتی دەکات.

شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ سێشەممە 2017 -1- 24، ڕایگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەیە لە گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکاندا پێشوازی لە شاندی پارتی بکات، بەڵام بەو مەرجەی شاندەکەی پارتی میکانیزمێکیان پێ بێت بۆ جێبەجێکردنی پەیامەکەی بارزانی لەگەڵ پڕۆژەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی پرسی قەیرانی دارایی و ئابووری و تەواوی کێشە چەقبەستووەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان".

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "لەگەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکاندا کاتێک شاندی پارتی لەگەڵ گۆڕان کۆبوونەوە، داوای ئەوەمان لە شاندەکەی پارتی کردووە کە بۆ درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی داھاتوو، پێویستە پارتی میکانیزمێکی گرنگ لەگەڵ خۆیدا بھێنێت، بۆ ئەوەی ھەموومان بتوانین کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکەین”.

گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی لەوەش کرد: "تا ئێستا پارتی دیموکراتیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕانی لە کۆبوونەوەکانی ئایندە ئاگادار نەکردووەتەوە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین، ئایا شاندەکەی پارتی کەی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات؟ بێگومان ئێمە پێشوازی لە پارتی دەکەین، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەکەین، پارتی میکانیزمێک لەگەڵ خۆیاندا بھێنن بۆ شرۆڤەکردنی پەیامەکەی بارزانی و گۆڕینی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان".

شۆڕش حاجی، ئەوەی ڕەت کردەوە کە زۆر جار لە میدیاکانەوە باس لەوە دەکرێت، گۆڕان ئامادە نییە پێشوازی لە شاندی باڵای پارتی بکات و گوتی: “ئەو دەنگۆیانە گوزارشت لە بزووتنەوەی گۆڕان ناکەن".







باسنیوز
Top