ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گرێبەستی 2 ھەزار کەس نوێ ناکاتەوە
ھەمزە حامید، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر، ڕایگەیاند: "ئەو 2 ھەزار گرێبەستەی فەرمانبەران کە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ھەڵوەشاوەتەوە، لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان و تەندرووستییەکانن لە پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک و ئیدارەی گەرمیان".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکان داوایان کردووە، گرێبەستەکانیان بۆ نوێ بکرێتەوە، چونکە ئەگەر وەزارەتی دارایی ساڵانە ڕەزامەندی لەسەر ئەو گرێبەستانە نەدات، نوێ ناکرێنەوە، ئەوەش بەپێی یاسایە، پێش نوێکردنەوەش، دەبێت سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندیی خۆی لەسەر دەرببڕێت".
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای ھەولێر جەختیشی لەوە کردەوە: "پرسەکە لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە، ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە گرێبەستەکان نوێ نەکرێتەوە، واتە مەبەستیان ئەوەیە کە دەستبەرداری ئەو خەڵکە ببن، ھەروەھا ھەریەکە لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکان و تەندرووستی، نووسراویان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و ھێما بۆ ئەوە دەکەن کە زۆر پێویستییان بە نوێ کردنەوەی ئەو گرێبەستانە ھەیە".
باسنیوز
