لێژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان: مۆڵەتی دامەزراندنی حزب بە پەکەکە نادرێت
نازم هەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێیی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “ناتوانن مۆڵەتی حزبی وەربگرن، چونکە یاسایەکمان هەیە بە ناوی (یاسای حزبەکان لە هەرێمی کوردستان)، ناکرێت ئەمانە چەکدار بن و حزب دامەزرێنن، هەر حزبێک دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت، دەبێت لە کوردستان بێت و نابێت چەکدار بێت”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "گرنگە حزبەکە ناسنامەیان دیار بێت، ئاشکرایە پەکەکە دەیانەوێت حزبێک دامەزرێنن بۆ ئەوەی توندوتیژی دروست بکەن، ئەگەر حکوومەتی عێراقیش مۆڵەتیان بدات، ئێمە قەبوڵی ناکەین، چونکە ئاگادارین ئەوان دەیانەوێت ئیش لەسەر ئەوە بکەن کە حزب دامەزرێنن، بەڵام ناکرێت، چونکە یاسامان هەیە و دەبێت لە وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی پێ بدرێت".
جەختیشی لەوە کردەوە کە پێشمەرگە بە خوێن سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیاری کردووە کە شنگالیش یەکێکە لەو ناوچانە، هەر بایەتێک لەم ناوچانە “دەبێت لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆ”وە بێت، نابێت بەغدا دەستوەردان بکات، هەر گەڕانەوەیەک لەم شوێنانە بۆ بەغدا بەبێ ئاگاداریی هەرێمی کوردستان، “وەک جاشایەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".
باسنیوز
