ناکۆکیی نێوان ھەردوو باڵی گەنج و کۆنە یەکێتییەکانی گۆڕان زیاتر دەبێ

 ناکۆکیی نێوان ھەردوو باڵی گەنج و کۆنە یەکێتییەکانی گۆڕان زیاتر دەبێ
رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، دەسەڵاتەکانی رادەست بە عومەری سەید عەلی دەکات، سەرچاوەیەکیش ئاشکرای دەکا، رادەستکردنی دەسەڵاتەکانی نەوشیروان مستەفا بە سەرکردەیەکی کۆنی یەکێتی و لای ئەوانیشەوە بۆ برادەرەکانی، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەکەی زیاتر کردووە.



سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە نامەیەکیدا کە بۆ ھەردوو جڤاتی گشتی و نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانی ناردووە، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە دەسەڵاتەکانی خۆی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان رادەست بە عومەری سەید عەلی کردووە، بەبێ ئەوەی ھیچ وادەیەک بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتەکانی بۆ لای خۆی یان ھاتنەوەی بۆ کوردستان دیاری بکات، کە ماوەی نزیکەی شەش مانگ دەبێت کوردستانی جێ ھێشتووە و بە ناوی چارەسەریی پزیشکییەوە لە بەریتانیایە.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، رادەستکردنی بزووتنەوەی گۆڕان بە عومەری سەید عەلی لە لایەن نەوشیروان مستەفاوە، ناکۆکیی نێوان باڵەکانی ئەو بزووتنەوەیەی زیاتر کردووە، بەتایبەتی ئەو گەنجانەی کە یەکێتی نەبوون و خۆیان بە دروستکەری گۆڕان دەزانن، ئەوانە پێیان وایە رادەستکردنی گۆڕان بە سەرکردەیەکی کۆنی یەکێتی دواجار ناوەندی بڕیاری بزووتنەوەکەیان دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو سەرکردانەی کە لە یەکێتییەوە جیا بوونەتەوە و بوون بە گۆڕان، بەوەش دەسەڵاتەکانی ھەردوو جڤاتی گشتی و نیشتمانیی ئەو بزووتنەوەیە کە ئێستا خۆیان بە بڕیاردەری گۆڕان دەزانن، لاواز و پەراوێز دەخات.



سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ھەر لە یەکەم ھەنگاودا ئەو سەرکردە کۆنانەی یەکێتی، دوای رادەستکردنی دەسەڵاتەکانی نەوشیروان مستەفا بە عومەری سەید عەلی، کە بڕیاری ڕێکخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕانیان داوە، لەو چوارچێوەیەدا ھەموو دەسەڵاتەکانی رێکخستنەوەی گۆڕانیان لە خۆیاندا کۆکردووەتەوە.



سەرچاوەکە ئاشکرای کرد، بە بڕیاری عومەری سەید عەلی، قادری حاجی عەلی کراوەتە بەرپرس بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی رێکخستنەکانی گۆڕان لە ھەولێر و عوسمانی حاجی مەحموودیش بۆ ناوچەی گەرمیان و مستەفا سەید قادر بۆ دەڤەری راپەڕین و خۆشیان عومەری سەید عەلی بۆ رێکخستنەوەی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی دانراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئاکۆ حەمەکەریم بەرپرسە لە رێکخستنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، کە لە باڵی گەنجەکانی ئەو بزووتنەوەیەیە.



پێشتر، ڕەئوف عوسمان، سەرۆکی جڤاکی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاندبوو، نەوشیروان مستەفا راستە رەمزێکی گەورەی بزووتنەوەی گۆڕانە، بەڵام لە غیابی ئەویشدا برادەرانی گۆڕان دەتوانن کارەکان ببەن بەڕێوە و غیابی نەوشیروان مستەفا بە گۆڕانەوە دیار نییە.



بەڵام، د. شۆڕش حاجی، وتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارەی رادەستکردنی دەسەڵاتەکانی نەوشیروان مستەفا بە عومەری سەید عەلی، زانیارییەکانی رەت نەکردەوە، تەنیا ئاماژەی بەوە دا، ئەوە بابەتێکی ناوخۆی حزبییە و ھیچ پەیوەندییەکی بە راگەیاندنەکانەوە نییە.



سەبارەت بە گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ ھەرێمی کوردستانیش، شۆڕش حاجی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، چەند جارێک قسەیان لەبارەی ھاتنەوە یان نەھاتنەوەی نەوشیروان مستەفا بۆ ھەرێمی کوردستان کردووە و ئێستا شتی زیاتریان نییە کە رای بگەیەنن.



باسنیوز
Top