گۆڕان، کۆسرەت ڕەسووڵ و ناوەندی بڕیار بە ھۆکاری شکستی رێککەوتنەکە دەزانێ

 گۆڕان، کۆسرەت ڕەسووڵ و ناوەندی بڕیار بە ھۆکاری شکستی رێککەوتنەکە دەزانێ
بەپێی زانیارییەکانی (باس)، پڕۆژەی رێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ پارتی، دوو باڵەکەی یەکێتی لە یەکتر نزیک دەکاتەوە و بزووتنەوەی گۆڕانیش پێی وایە کۆسرەت ڕەسووڵ و سەرکردەکانی ناوەندی بڕیار، ھۆکاری سەرەکی بوون بۆ جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی.



سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرای کرد، سەرکردە و ھەڵسوڕاوانی گۆڕان لە کۆبوونەوەی مەکۆ و بازنەکانیان، بە ئاشکرا پەنجەی تۆمەت بۆ ناوەندی بڕیاری یەکێتی، بەتایبەتی کۆسرەت رەسووڵ درێژ دەکەن و پێیان وایە ئەوان ھۆکاری سەرەکیی شکستپێھێنانی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی بوون و دواتریش ھەندێ سەرکردەی بڕیاربەدەستی یەکێتی بۆ نزیکبوونەوەیان لە پارتی، چوونەتە پاڵ تێگەیشتنەکانی ناوەندی بڕیار.



رۆژی ١٧-٥-٢٠١٦، رێککەوتنی سیاسیی نێوان گۆڕان- یەکێتی واژۆ کرا، عەدنان عوسمان، ھەڵسووڕاوی ناسراوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە نووسینێکیدا لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە(فەیسبووک)، لەبارەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی، ئاماژەی بەوە داوە، نزیکەی ٨ مانگ بەسەر واژۆکردنیدا تێپەڕ بووە، بەڵام بەھۆی خۆدزینەوەی بەشێک لە سەرکردایەتی و بڕیاربەدەستانی یەکێتییەوە،‌ یەک خاڵیشی لێ جێبەجێ نەکراوە.



عەدنان عوسمان، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، لە ماوەی رابردوودا وەکو پیشاندانی نیازپاکی و لەپێناو پێدانی دەرفەت بە سەرکردایەتیی یەکێتی و دروستکردنی متمانە لەنێوان ھەردوو لاماندا، میدیاکانی گۆڕان و زۆرینەی ھەڵسوڕاوانی گۆڕان لە ئاست چەندین خواروخێچی و ھەڵوێستی دژبەیەک و تەنانەت گەندەڵیی بەشێک لە بەرپرسان و نوێنەرەکانی ئەو حزبە چاوپۆشییان کردووە، ئەمەش تەنیا و تەنیا بۆ ئەوەی شانسی سەرخستنی رێککەوتنەکە بە قازانجی خەڵک لەبار نەبرێت.



لای خۆشیانەوە، بەھار مەحموود، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان بە یەک چاو سەیری ھەردوو باڵەکەی یەکێتی دەکەن و رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ھەردوو باڵەکە کردووە و سەرکردەکانی ھەردووکیان ئامادەی رێوڕەسمی رێککەوتنەکە بوون، گوتی: ”ئێستا کە خاڵەکانی جێبەجێ نەکرابن و باس لە بەرپرسیارێتی بکرێ، ئەوا ھەردوو باڵەکە وەکو یەکن".



بەڵام شاڵاو عەلی عەسکەری، وتەبێژی فەرمیی ناوەندی بڕیاری یەکێیتی نیشتمانیی کوردستان رای گەیاند، دەبێ گۆڕان لەم تۆمەتەیدا بەڵگەی ھەبێت، چونکە ھەڵوێستی ئەوان روونە و ناوەندی بڕیار لە یەکەم بەیانیدا پابەندیی خۆی بەو رێککەوتنەی لەگەڵ گۆڕان دەربڕیوە، بەڵام گۆڕان نەیوێراوە بەئاشکرا لەگەڵ ناوەندی بڕیار لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبێتەوە.



گوتیشی: "بۆ رێککەوتن لەگەڵ پارتی ئەگەر کرا، بە یەک دەنگ و یەک رەنگ وەکو یەکێتی دەچینە پێشەوە".



جەختی لەوەش کردەوە، کۆبوونەوەی کۆتایی یەکێتی لەگەڵ پارتی بە سەرۆکایەتیی کاک کۆسرەت رەسووڵ بووە، ئەوەش دەری دەخات شاندەکەی یەکێتی ئەندامێتی ناوەندی بڕیاری تیادایە و لەم ڕوەوە یەکێتی کێشەی نەبووە، گوتیشی: "ئیتا نزیکبوونەوە و ھەوڵ ھەیە کە ھەردوو باڵەکەی یەکێتی بگەن بە رێککەوتن".










باسنیوز
Top