ئێران لە گەشەسەندنی رەوتی سەلەفی لە زۆنی سەوز، نیگەرانە

 ئێران لە گەشەسەندنی رەوتی سەلەفی لە زۆنی سەوز، نیگەرانە
پێوەند بە گەشەسەندنی رەوتی سەلەفی و توندڕەوەکان لە زۆنی سەوز، ئێران ھۆشداری دەداتە دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.



بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ھەفتەی رابردوو شاندێکی ھاوبەشی ئیدارەی ئیتلاعاتی ھەردوو پارێزگای سنە و کرماشان بۆ ئەو پرسە ھاتوونەتە سلێمانی و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنیی یەکێتیدا کۆبوونەوەیان کردووە و ھۆشدارییان داوەتە یەکێتی کە زۆنی سەوز لە لە گەسەندنی رەوتی سەلەفی و توندڕەوەکان بپارێزێت و کۆنترۆلی رەوشەکە بکات، چونکە ھاوسنوورە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئایندەدا دەبێتە مەترسی بۆ سەر دۆخی تەناھیی ئەو وڵاتە.



سەرچاوەکە روونی کردەوە، شاندی ئێران نیگەران بوون لەوەی کە ململانێی سیاسیی نێوان حزبە باڵادەستەکانی زۆنی سەوز و ھەروەھا زۆربوونی باڵەکانیان و کێشەی بەردەوامی نێوان باڵ و ئاراستە جیاوازەکانیان و پشێوییەکانیان، وای کردووە بۆشایی سیاسی و ئەمنی لەو زۆنەدا دروست بێت و بەو ھۆیەوە رەوتی سەلەفی و ئیسلامییە توندڕەوەکان پەرە بستێنن، ئیرانییەکان بەئاشکرا بە نوێنەرانی دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتییان گوتووە کە زۆنی سەوز ھاوسنوورە لەگەڵ ئیران و ئەوان قبووڵ ناکەن ئەو رەوتە لە سنوورەکەیان گەشە بکەن.



ئەو شاندە ئێرانییە کە بەمەبەستی گفتوگۆ و بەدواداچوونی پەرەسەندنی رەوتی سەلەفی و توندڕەو و دەرکەوتنی چەند مەفرەزەیەکی سەر بە داعش لە گەرمیان و ھەڵەبجە سەردانی سلیمانیی کردووە، نیگەرانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە بەرپرسە ئەمنییەکانی یەکێتی راگەیاندووە.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە، شاندەکە دوودڵیی خۆی سەبارەت بارودۆخی زۆنی سەوز و پشێوییەکانی ئەو زۆنە بۆ بەرپرسە ئەمنییەکانی یەکێتی باس کردووە و ھۆشداریی ئەوەشی داوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نیگەرانە لەو زانیارییانەی لەو ناوچەیەدا سەبارەت بە جموجۆڵی ئیسلامییە توندرەوەکان و سەلەفییەکان و ھەندێک ئاراستەی چەکداریی تر ھەیانە.



سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە شاندەکە بە بەرپرسەکانی یەکێتیی راگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، یەکێتی بە دۆستی خۆی دەزانێت و پێشی وایە کە چەندین ساڵە توانای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی زۆنی سەوزی ھەبووە، بەڵام ئێستا ململانێی بەردەوامی سیاسی لەو زۆنە و ھەندێک رووداوی دیکە، بوونەتە ئاما‌ژە بۆ ئەوەی کە ئێران وا ھەست بکا یەکێتی توانای کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکەی لاواز بووە کە ھاوسنوورە لەگەڵ خۆی.



سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، شاندەکە بارودۆخی ھەرێمی کوردستانی بە ھەستیار لەقەڵەم داوە و سەرچاوەی گرفتە ئەمنییەکانیشیان بۆ بارودۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان گێڕاوەتەوە، پێشنیاریان بۆ بەرپرسە ئەمنییەکان کردووە کە ھانی سەرکردەکانیان بدەن بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی زۆنی سەوز، چونکە بەپێچەوانەوە گوتوویانە کە ئەوان وەکو کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەر بزانن یەکێتی گەیشتووەتە ئاستێک کە نەتوانێت زۆنی سەوز کۆنتڕۆڵ بکات، ناچار دەبن وەکو دەوڵەتی ئێران بیر لە بژارەی دیکە بکەنەوە.



بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی دەزگای ئاسایشی سلێمانیش، لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٦٠ تیرۆرست دەستگیر کراون و ١٤ تیرۆرستی دیکەش لە ھەندێک ناوچەی دەسەڵاتی ئەواندا کوژراون.



لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا، کە دانپیانانی ھەندێک لەو تیرۆرستانە تێیدا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە ئۆپەراسیۆنی ماوەی ٣٦٠ رۆژی دەزگای ئاسایشدا ٦٠ تیرۆرست دەستگیر کراون و ١٤ تیرۆرست لە دەربەندیخان و دەبەرندی ژاڵە و سەنگاو و سنوورەکانی نێوان ئێران و ھەرێمی کوردستاندا کوژراون.



لەم بارەوە دانا جەزا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رای گەیاند، لەو ماوەیەدا لە سنووری ھەڵەبجە و دەربەندیخان ژمارەیەک چەکداری داعش، کە بەپێی زانیارییەکانیان ئەو داعشانە لە سنووری گەرمیان، کەرکووک، سەعدییە و حەمرینەوە دزەیان کردووەتە ئەو ناوچانە و ھەروەھا گوتی: «ئەو داعشانە ویستوویانە لەو ناوچەیەی کە بۆی ھاتوون شانە و گرووپ دروست بکەن و دواتر وەکو کەرکووک دەست بۆ کردەوەی تیرۆرستی درێژ بکەن، بەداخەوە کە زۆربەیان کورد و ھەندێکیان خەڵکی ناوچەکەش بوون، ناتوانرێ بڵێین کەلێنی ئەمنی نەبووە، چونکە ئەوانە ھاتوون، لەگەڵ ئەوەشدا ناشکرێ ھاتنیان بە موستەحیل بزانین، چونکە داعش دەستی گەیشتووەتە ئەوروپا و لەوێدا کردەوەی تیرۆرستیی کردووە، بەڵام گرنگە ئیجرائاتی توند بکرێ لەگەڵیان و گومان دەکرێ ئێستاش شانەکانیان مابن».

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو شوێنانە کە لە سنووری ئێرانەوە نزیکن، گومانی تێدا نییە کە ئێران لە پەلھاوێشتنیان و بوونیان دەترسێ و ھەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مەترسییەکە دەدات.



بەڵام مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی مەڵبەندی پێشمەرگەی یەکێتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھەموو ئەو دزەکردنانەی چەند مەفرەزەیەکی داعش لەو سنوورە کۆنتڕۆڵ کراون و ھەرێمی کوردستان قۆناغی سەختتری تێپەڕ کردووە و راشی گەیاند کە ئاگاداری ھاتنی شاندی ئێرانیش نییە بۆ ئەو مەبەستە.






باسنیوز
Top