دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکارییەکانی بۆ موسڵ دەگوازێتەوە
لە ماوەی سێ ساڵەی شەڕی دژ بە داعش، رۆژانە ژمارەی قوربانییەکان روو لە زیادبوون بوو، سەرەڕای ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەتایبەت بۆ کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی دوایین ئامار، نزیکەی ١٢٠ هەزار کەس لە کەمپەکانی خازر و حەسەن شام و سێودینان جێگیر کرابوون، سەرپەرشتیاری کەمپەکانیش لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستە ژمارەی ئاوارەکان لەو کەمپانە نزیکەی ٥٩ هەزار کەس دەبێت.
سەرپەرشتیاری کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی گوتی "لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، ژمارەی هاتنی ئاوارەکان زۆر کەمی کردووە و هاوکات ژمارەی دەرچوون لە ناو کەمپەکان زۆر زیادی کردووە، هەر دوێنێ ١٦ خێزان روویان لە کەمپەکان کرد و لە بەرامبەردا ٧٥٣ خێزان لە کەمپەکانی حەسەن شام و خازر گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان کە ژمارەیان زیاتر لە ٣ هەزار و ٦٠٠ کەس دەبوو، ئەمڕۆش ئەو پڕۆسەیە بەردەوامە و خەڵکێکی زۆر دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".
ئەو سەرپەرشتیارەی کەمپەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاشکرای دەکات دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ، ئەوان دەچن لەوێ کۆمەك و هاوکاری بەسەر خەڵکی شارەکە دابەش دەکەن و سەبارەت بەم بابەتەش گوتی "ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازی بارزانی کە سەرپەرشتیاری کەمپەکان دەکەین و لە هەوڵی ئەوەداین کە ژیانێکی باش بۆ ئاوارەکان دابین بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەی داهاتوودا، چالاکییەکانمان دەگوازینەوە بۆ ناو شاری مووسڵ و لەوێ کۆمەک و هاوکاری بەسەر ئاوارەکان دابەش دەکەین".
رزگار عوبێد ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامادەکارییەکانیان تەواو بووە بۆ ئەگەری هاتنی بەشێکی زۆری ئاوارەکان لە بەرەی راستی موسڵ بۆ کەمپەکان و لەمبارەیەوە گوتی "جارێ روون نیە کە خەڵکی لای راستی شاری موسڵ بەرەو هەرێمی کوردستان دێن یان دەچنە حەمام عەلیل، بەڵام ئێمە ئامادەکارییمان کردووە بۆ هاتنی هەر شەپۆڵێکی ئاوارەکان بۆ هەرێمی کوردستان".
bas news-
