ئیتاڵیا بۆ پێدانی ڤیزای شنگن ڕوونکردنەوەك بە ھەرێمی کوردستان دەدات

ئیتاڵیا بۆ پێدانی ڤیزای شنگن ڕوونکردنەوەك بە ھەرێمی کوردستان دەدات
لە بارەی پێدانی ڤیزای شنگن بە ھاوڵاتیانی کوردستان، کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە شاری ھەولێر، لە ڕێگای نووسراوێکەوە ڕوونکردنەوە بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەدات.



بەپێی نووسراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە لە 4/1/2017 دەرچووە و کۆپییەکی نووسراوەکەش دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئەوە خراوەتەڕوو: "کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە ھەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکدا پێیان ڕاگەیاندووین لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا فشارێکی زۆری داواکاری ڤیزەمان لەسەر بووە، ئەوەش لە دەرەوەی تواناکانی کونسوڵخانەی ئیتاڵیایە لە شاری ھەولێر".



نووسراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەوەشی ڕوون کردوتەوە: "کونسوڵخانەی ئیتاڵیا ئاگاداری ھەموو دامو دەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە کە بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگنی ئیتاڵیا و بۆ پێشکەش کردنی وەرگرتنی وادەی چاوپێکەوتن، پێویستە سەردانی سەنتەری (visametric) لە گوندی ئیتاڵی بکەن".



فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئاماژەی بەوەش داوە: "کونسوڵخانەی ئیتاڵیا ناتوانێت ڕاستەوخۆ مامەڵەی ڤیزا وەربگرێت، بەڵکو تەنھا لە ڕێگەی سەنتەری (visametric) دەبێت ئەمەش بۆ ئەوەی مامەڵەکان ڕێکاری دامەزراوەیی خۆی وەربگرێت".



ڤیزای ئیتاڵیا لە چوارچێوەی ڤیزای (شنگن)ی یەکیتیی ئەورووپایە، کە ئەم ڤیزایە ھەر 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا دەگرێتەوە.


ئەو نوسراوەی فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوە دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران و لەوێشەوە دراوە بە سەرجەم فەرمانگەکان بۆ ئەوەی پابەند بن پێوەی.
پێشووتر شاندە فەرمییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بەسەردانی فەرمی دەچوونە ئیتاڵیا ڕاستەوخۆ لە کونسوڵخانەی ئیتاڵیا لە ھەولێر ڤیزایان پێ دەدرا.
زیاتر لە 36 ووڵات کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە 16 ووڵاتیان ڤیزا بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەدەن، بەڵام دوای شەڕی داعش مەرجەکان توند کراون.

لەمبارەیەوە کاروان جەمال، جێگری پێشووی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان کە ھاوکات نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە بەریتانیا، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە دوای دروستبوونی شەری داعش، وڵاتانی ئەورووپا بە گشتی ڕێوشوێنی پێدانی ڤیزایان توندتر کردووە و پێویستییان بە دڵنیابوونی زیاتر ھەیە".



گوتیشی: "لەماوەی ڕابردوودا داوکاری زۆر بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتانی ئەورووپا ھەبووە، بۆیە مەرجەکانی پێدانی ڤیزا قورس کراون، بەتایبەت بەھۆی شەڕی داعشەوە، زۆرێک لە ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان پەنایان بۆ کونسوڵخانەکانی وڵاتان، بردووە و ئەوەش لە توانای کونسوڵخانەکان نەبووە".

bas news-
Top