تەرمی دوو کۆچبەری کورد گەێنرانه‌وه‌ شاری هەولێر

تەرمی دوو کۆچبەری کورد گەێنرانه‌وه‌ شاری هەولێر
تەرمی دوو کۆچبەری کورد کە خەڵکی شاری هەولێرن گەڕێندرانەوە هەولێر و بەخاکسپێردران، ئەوان رۆژی 26ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو تەرمەکانیان لەنێو بەفر دۆزرایەوە.

سنووری نێوان بولگاریا و تورکیا یەکێکە لەو رێگایانەی کە بووەتە گۆڕستانی ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، دوا قوربانی ئەو رێگایەش دوو هاونیشتمانی شاری هەولێری باشووری کوردستان بوون کە پاش چوار رۆژ لە مانەوەیان لەناو بەفر لە دووری 25 کیلۆمەتر لە وڵاتی بولگاریا تەرمەکانیان دۆزرانەوە.

سەمەد حەمید فەتاح، برای یەكێک لە قوربانییەکان ئاماژە بەوەدەکات کە پاش بڕینی سنووری چوار وڵات توانی سۆراخی براکەی بکات.

سەمەد حەمید فەتاح ، برای یەکێک لە قوربانییەکان (تەڵعەت حەمید) گوتی "من لە بەریتانیا دەژیم، کاتێک ئەو هەواڵەم پێگەیشت لە بەریتانیاوە چووم بۆ سڕبیا دواتر بۆ بولگاریا و پاشان بۆ ئەسینا، 11 هەزار کیلۆمەترم بڕی تاوەکو چووینە شوێنی مەبەست". دەشڵێت "بەشێک لە قاچاخچییەکان لەڕێگەی فەیسبووکەوە یارمەتیی ئێمەیاندا و گەیشتنە لای تەرمەکان".

برای ئەو قوربانییە گومانی لە مردنی ئەوان هەیە و دەڵێت "گیان لەدەستدانی ئەوان ناڕوونە، پێموانییە بەهۆی سەرماو بەفرەوە گیانیان لەدەستدا بێت". ئاماژە بەوەش دەدات کە "دوای سێ شەو سێ رۆژ، ئەوان گیانیان لەدەستداوە و ئەوەش بۆ کەمتەرخەمی قاچاخچییەکان دەگەڕێتەوە".

سەمەد حەمید گوتیشی "گەڕانەوەی ئەو تەرمانە لەسەر ئەستۆی خۆمان بووە، براکەشم پێشمەرگە بووە و خاوەنی حەوت منداڵە و خێزانەکەیشی نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە.

تەلعەت عەبدولحەمیدی تەمەن 36 ساڵ و هەردی غەفووری تەمەن 29 ساڵ، رۆژی 14-12-2016 ماڵئاواییان لە هەرێمی کوردستان كردووە و چوونەتە تورکیا، دوای چوار رۆژ، 18-12-2016 لە تورکیاوە بەرەو بولگاریا بەڕێکەوتوون، 21ی مانگ گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ماوەی 48 کاژێر لەنێو بەفردا بەبێ نان و ئاو رێگەیان بڕیوە، لەکاتی گەیشتنیان بەو وڵاتە، هەردی گیانی لەدەستداوە.

تەلعەت عەبدولحەمید تەرمی هاوڕێكەی، واتە تەرمی هەردی غەفووری جێنەهێشتووە، سەمەد عەبدولحەمید پێشتر رایگەیاند بوو "لەبەر مانەوەی تەلعەت بەدیار تەرمی هەردییەوە، دوای چەند کاژێرێکی دیکە تەلعەتیش گیانی لەدەستداوە، دواتر تەرمەکانیان گەیاندوونەتە نەخۆشخانەی شاری بۆرگاس لە بولگاریا".
payamner -
Top