"قسەکانی بارزانی لەو ڕوانگەوەیە مالیکی بێتەوە دەسەڵات شەڕ هەڵدەگیرسێت"
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (شەرقەلئەوسەت) مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند "لەو ساتەی نووری مالیکی دەبێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، من بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ کەسێک، سەربەخۆیی کوردستان ڕادەگەیەنم و ئەوەی ڕوو دەدات با ڕوو بدات... لە عێراقێک نامێنینەوە مالیکی حوکمی بکات". د.مەدحەت سلێمان، شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەی قسەکانی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "کورد ئەزموونێکی دوور و درێژی لەگەڵ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا هەیە، بەتایبەت لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، ئێمە جینۆساید کراین و کیمیاباران کراین، وامان دەزانی عێراقی داهاتوو دەبێتە عێراقی دیموکراسی، بەڵام لەسەر دەمی نووری مالکیی هێنانی سوپا بۆ خانەقین و بانگەشەی کشانەوەی هێزی پێشمەرگە و سیاسەتێکی خراپ بوو لە سەردەمی نووری مالیکیدا دەستی پێ کرد، بەتایبەت دژایەتی ئەو هەڵوێستە نەتەوەییەی کە بارزانی هەوڵی بۆ دەدا ئەویش پرسی سەربەخۆیی کوردستانە."
ئاماژەی بەوەش کرد "مالیکی دەستی کرد بە دروستکردنی هێزی دیجلە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی لەدژی شاری کەرکووک کرد و گوتی: "گەمارۆی ئابووریی خستە سەر هەرێمی کوردستان و بودجەی کوردستانی بڕی، بۆیە ئەمە تاقیکردنەوەیەکی زۆر تاڵە لەگەڵ مالیکی هەمانە و ئێستاش دەیانەوێت کورد پەراوێز بخەن لە عێراقدا، نزیکەی ٣٥ پۆستی کورد لەلایەن ئەوانەوە قۆرغ کراوە پۆستە ئەمنییەکانی عێراق و سوپای عێراق لە 3%ی کوردی تێدا نەماوە کە ئەوەش نیشانەی ئەوەیە نووری مالیکی سەدامێکی دیکەیە بۆ عێراقی داهاتوو، بۆیە قسەکانی بارزانی ئامانجی هەموو تاکێکی کوردە ئەگەر هات و ئەوان پێشێلی دەستوور بکەن، ئەوا کورد مافی خۆیەتی جیا ببێتەوە".
گوتیشی: "لە دیباجەی دەستووردا ئاماژە بەوە کراوە کە لە کاتی جێبەجێنەکردنی دەستووردا، ئەوا هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی جیا ببێتەوە، لە کاتێکدا ئەوە چەند ساڵە دەپرسین دەستووری عێراق جێبەجێ کراوە، ئێستاش دەوڵەتی یاسا دەیەوێت حکوومەتی زۆرینە پێک بهێنێت کە تێیدا کورد هیچ مافێکی نایەتەدی و بەهاتنەوەی نووری مالیکی بۆ سەر دەسەڵاتی عێراقی دووبارە دیکتاتۆریەت لە عێراق سەرهەڵ دەداتەوە".
د.مەدحەد سولەیمان، ڕاشی گەیاند: "کورد و لایەنە سیاسییەکانی و بارزانیش لەسەر ئەوە هاوڕان کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە عێراق هەر دەبێت جیا ببێتەوە، بەڵام بەهاتنەوەی نووری مالیکی، ئەوە شەڕ لە نێوان عێراق و کوردستان دروست دەبێت، کە ئەوەش شتێکی خراپە بۆیە بارزانی دەڵێت: "بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕیفراندۆم و بەغدا ئەگەر نووری مالیکی بێتەوە سەر دەسەڵات دەوڵەتی کوردستان رادەگەیەنێت".
ئەوەشی خستەروو، "دوای کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ، مالیکی شەقامی عەرەبی دەجووڵێنێت، هەوڵ دەدەن داعش لە ناوچەکانی "تازە و ئامرلی و کەرکووک" جووڵە پێ بکەن، بەڵام دەبێت کوردستان ئەو سنوورانە بەهێز بکات و سوپایەکی زیاتر ببات بۆ سنوورەکان، ئێمە هەموومان دەزانین چەند وڵاتێکی هەرێمین کە دەیانەوێت مالیکی بجووڵێنن."
