ئۆپۆزیسیۆنی سووریا: میلیشیا ئێرانییەکان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ داعش نییە
رۆژی دووشەممە 23/1/2017، محەمەد عەلوش، سەرۆکی گرووپی سوپای ئیسلام و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ئەستانە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە ئۆپۆزیسیۆن دەیەوێ شەڕ لە هەموو ناوچەکانی سووریا رابووەستێت.
محەمەد عەلوش هەروەها رایگەیاند، کە هەوڵ دەدەن شاندی رژێمی سووریا بەوە رازی بکەن، کە هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە هەموو ناوچەکانی وڵاتەکە.
بە گوتەی سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریا، هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ داعشدا نییە.
رۆژی دووشەممە 23/1/2017، لە شاری ئەستانەی پایتەختی کازاخستان و بەسەرپەرشتیی رووسیا و تورکیا، شاندی ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا گفتوگۆ دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی شەڕی ناوخۆیی سووریا.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، ئێران بە ناردنی دەیان هەزار چەکدار پاڵپشتیی رژێمی سووریا دەکات و شەڕی دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە، لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 400 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنيوز
