پارێزەری خاوەن پشکەکان: خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا لەسەر خواردنی مافی هاوپشکەکان سوورە
جەمال حەمەڕەشید، پارێزەری خاوەن پشكە ناڕازییەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی (چاڤی لاند) بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ساڵانە چاڤی لاند قازانجێكی زۆر دەكات، بەڵام نادادپەروەرییەکی زۆر بەرامبەر خاوەن پەشكەكان دەكرێت، بۆیە ئێمە سكاڵامان تۆمار كردووە و دەمانەوێت لەڕێگەی دادگاوە پڕۆژەی (چاڤی لاند) هەڵبوەشێتەوە".
پارێزەرەکەی خاوەن پشكە ناڕازییەكانی پڕۆژەکە ڕوونیشی کردەوە: "ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی بە پارەی خۆیان پشكیان لە پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند كڕیوە، سەرەڕای ئەوەی ساڵانە ئەو پڕۆژە گەشتیارییە قازانجێكی زۆر دەكات، بەڵام تا ئێستا هیچ قازانجێكی دیاریكراوی شایستە بە خاوەن پشەكەكان نەدراوە، لە كاتێكدا بەپێی یاسا دەبێت خاوەن پشەكەكان سوودمەند بن لە تەواوی قازانجەكانی ئەو پڕۆژەیە و تا ئێستاش هیچ خاوەن پشكێك قازانجی ساڵانی ڕابردووی بە تەواوی وەرنەگرتووە".
خاوەن پشکە ناڕازییەکان لە دادگای بەرایی شاری سلێمانی، دوو سكاڵای یاساییان تۆمار كردووە و دەڵێن بەڵگەی خۆیان ڕادەستی دادگا كردووە كە “چۆن زوڵم لە خاوەن پشكەكان” كراوە، بەڵام “تا ئێستا وەڵامی دادوەریان نەداوەتەوە، ئێمەش لەسەر وەرگرتنەوەی مافەكانمان بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی مافەكانمان بۆ بگەڕێندرێتەوە".
پارێزەرەکە ڕوونیشی كردەوە: "خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی نالیا، هیچ هەنگاوێكی نەناوە بۆ ئەوەی ماف بۆ خاوەن پشكەكان بگەڕێنێتەوە، بەڵكوو سوورە لەسەر ئەوەی كە مافی ئەو خەڵكەی خواردووە و هیچ هەڵوێستێكی هەبێت".
پارێزەری خاوەن پشەكانی چاڤی لاند، باسی لەوش كرد: "هەموو خاوەن پشەكەكانی پڕۆژەی چاڤی لاند، باش ئەو ڕاستییە دەزانن كە ساڵی ڕابردوو چاڤی لاند، قازانجێكی ئێجگار زۆری هەبووە، بەڵام تەواوی داهاتەكە بۆ خۆیانە و ئەوان نایانەوێت هیچ خاوەن پشكێك لە قازانجەكان سوودمەند بێت”. جەختیشی لەوە كردەوە: "بە هیچ شێوەیەك لە مافی خۆمان خۆش نابین، بێگومان ئێمە چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەین و هەوڵی ئەوە دەدەین لەڕێگەی دادگاوە بە شێوەیەكی مەدەنییانە مافەكانی خۆمان وەربگرینەوە".
ئاماژەی بەوش كرد: "ئیدارەی چاڤی لاند، كارتی بەكارهێنانی یارییەكانی چاڤی لاندی بەبێ بەرامبەر بۆ خاوەن پشەكان دابین كردووە، ئێمە بە هەموو شێوەیەك ئەوە ڕەت دەكەینەوە، پێدانی ئەو كارتەش بۆ خاوەن پشكەكان لەژێر فشاردا بووە، بەڵام ئێمە قەبووڵی ناكەین، بۆیە دەمانەوێت لەڕێگەی دادگاوە پڕۆژەی چاڤی لاند هەڵبوەشێتەوە”.
لە ماوەی ڕابردوودا، خاوەن پشکەکانی چاڤی لاند زیاتر لە جارێک، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی (نالیا)یان بە پێنەدانی پشکەکانیان تۆمەتبار کردووە
bas news-
