سلێمانی.. پیلانێکى ڕفاندن پوچەڵ کرایەوە

سلێمانی.. پیلانێکى ڕفاندن پوچەڵ کرایەوە
لە شاری سلێمانی پیلانی ڕفاندنی مێردمنداڵێک لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە پوچەڵ کرایەوە.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، ئەمڕۆ (2017/1/22)، لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، لەلایەن مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى نەهێشتنى تاوان و بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى سلێمانییەوە پیلانى ڕفاندنى مێردمنداڵێک پوچەڵ کرایەوە.


پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، پاش وەرگرتنى بڕیارى دادوەر توانرا لەگەڕەکى ڕاپەڕینى شارى سلێمانى هەردوو تۆمەتبارى بەڕەگەز کورد کە پیلان داڕێژەرى تاوانەکە بوون دەستگیر بکرێن، و مێردمنداڵەکەش لەدەستى ڕفێنەران ئازاد بکرێت.


ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ڕفێنەرەکان بەنیازبوون ئەو مێردمنداڵە لەبەرامبەر بڕێک پارەدا ئازاد بکەن، لەئێستاشدا هەردوو تۆمەتبار بەفەرمانى دادوەرى لێکۆڵینەوە و بەپێى مادەى (421) لە یاساى سزادانى عێراقى بەندن و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.
BAS NEWS-
Top