بۆ ساڵی داھاتوو سیستەمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆ فراوانتر دەکرێت
لە میانەی کۆبونەوەی ھەفتانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ یەکشەممە٢٢/١/٢٠١٧، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی، ڕایگەیاند: "سیستەمی وەرگرتنی ڕاستەوخۆی قوتابی، پێشوازی گەورەی لێکرا و سەرکەوتوو بوو، دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ زانکۆکان ھەوڵ دەدەین بۆ ساڵی داھاتوو ئەم سیستەمە فراوان بکەین، بۆ ئەوەی لە سەرجەم بەشە زانستیەکان جێبەجێ بکرێ، جگە لە کۆلێژەکانی (پزیشکی، ئەندازیاری، یاسا)، ھاوکات سیستەمێکیش بۆ خوێندنی پارالێل و ئێواران لە زانکۆکان دابنرێت".
ھەروەھا د. یوسف گۆران، ئەوەشی خستەڕوو: "ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتو دەبێ پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بەئەلیکترۆنی بکەین، بەشێوەیەک خوازیاران بەشێوەی (ئۆنلاین) بتوانن داواکاری بۆ خوێندنی باڵا پێشکەش بکەن،بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیەش باشتر دەتوانین ئاگاداری پڕۆسەکە ببین، لەھەمان کاتدا کارئاسانییەکی زۆریش بۆ خوازیاران دەکات".
گوتیشی: "دەبێ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتییەکان سەرجەم کاروبارەکانیان بەئەلیکترۆنی بکەن، لەھەنگاوی یەکەمیشدا باشترە شێوازی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان بەئەلیکترۆنی بکەن و، دواتریش کاروبارەکانی دیکە، لەو چوارچێوەشەدا بەڕێوەبەرە پەیوەندارەکانی ڕاسپارد لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتییەکان گفتوگۆ بکەن بۆ داڕشتنی میکانزمێکی گونجاو تا لە زوترین کاتدا ئەو پڕۆسەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
BAS NEWS-
