دەربەندیخان.. پۆلیسێک کێشەی بەشە ناوخۆییەکی کچان چارەسەر دەکات
دانا محەمەد، ئەفسەری بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا، بەشی ناوخۆیی کچانی پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان، کێشەی ئاویان دەبێت و بەو ھۆیەشەوە نیگەرانی خوێندکارانی لێکەوتەوە، بەڵام یەکێک لە پۆلیسە پاسەوانەکانی ئەو بەشە ناوخۆییە، بەناوی محەمەد تاھیر ئەحمەد، بە ھاوکاری چەند خێرخوازێکی دەربەندیخان، توانیان ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن".
ئەو ئەفسەرەی بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان، گوتیشی: "پێشتر ئەو کچانەی لەو بەشە ناوخۆیی بوون، ڕۆژانە بەدەبە و سەتڵ لە ماڵەکانی دەوروبەری بەشە ناوخۆییەکەیان زۆر بەگران ئاویان دەھێنا".
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئەو پۆلیسەمان لەگەڵ ئەو خێرخوازانەی دیکە، ھەستان بەدابینکردنی ئاوی خواردنەوە و ھێنانی ئاوی پاک لە ڕێگەی بۆریەوە، بۆیە ئێمەش بە پێویستمان زانی بەشێوەیەکی فەرمی و بەنووسراو سوپاس و پێزانینی بنکەکەمان ئاڕاستە بکەین".
BAS NEWS-
