”وڵاتانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و تورکیا بۆ چارەسەری پێشمەرگە بریندارەکان لەسەر ھێڵن“
فاخر کرمانجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندرووستیی ھەولێر، ڕایگەیاند: "پزیشکێکی شارەزا لە بواری (ئێسک و شکان) کە ئەوروپییە، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، پشکنین بۆ ھەموو ئەو پێشمەرگانە دەکات کە بریندارن، بەتایبەت بریندارانی ئێسک، شکان و دەمار، ھەڵمەتی پشکنینەکەش لەمڕۆ یەکشەممە 22\1\2017 لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی لە ھەولێر دەستی پێ کردووە".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان، بڕیارە ئەو پێشمەرگە بریندارانەی چارەسەریان لە کوردستاندا نییە، ”لەلایەن ڕێکخراوە بیانییەکانەوە بە مەبەستی چارەسەرکردنیان، دەنێردرینە دەرەوە“. ئەوەشی نەشاردەوە کە وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و تورکیا لە ڕێگەی کونسوڵخانەکانیانەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پێشمەرگە بریندارانەی کە چارەسەریان لە کوردستاندا نییە، ”لەسەر ھێڵن“.
باسنیوز
