شیعەکان هەوڵی بەپارێزگاکردنی خورماتوو دەدەن
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە گەرمیان، ڕایگەیاند: “هەوڵی بەپارێزگاکردنی شارۆچکەی خورماتوو، لەلایەن شیعەکانەوە دەدرێت، هەرچەندە پێشتر لە ساڵی 2012دا جارێکی دیکە داوایان لە عێراق کرد کە ئەو شارە بکرێتە پارێزگا، بۆ ئەوەی بکرێتە ناوەندی شیعەی سنوورەکە، ئیستاش جارێکی دیکە ئەو بیرۆکەیە سەری هەڵداوەتەوە، چونکە ناحیەی ئامرلی کراوەتە قەزا”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئێستا دووبارە باس لەوە دەکرێتەوە، خورماتوو بکرێتە پارێزگا، چونکە ناوچەیەکە زۆرینەی کوردە، هەوڵ دەدەن بیخەنە ژێر هەژموونی خۆیانەوە و لەو ڕێگەیەوە هەوڵ بدرێت دەست بەسەر خورماتوودا بگرن”. گوتیشی: “ئەم هەوڵە مەرامی سیاسی لەپشتەوەیە، چونکە دەکرێت بڵێین شیعە کەمینەن لەو ناوچەیە و دەیانەوێت لەو ڕێگایەوە پاوانخوازی بکەن".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ناوچەکانی (ئامرلی و قەرەتەپە) لەلایەک و (داقووق، خورماتوو و تازە) لەلایەکی دیکەوە، کەمینەیەکی شیعە نیشتەجێن کە دەیانەوێت ناوەندێک بۆ خۆیان دروست بکەن و تێیدا هەژموونی خۆیان بسەپێنن، وەک ئەو گوتی.
پێشتر شوان داودی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کردبوو کە مەلا حەسەن، تاکە ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو کە هەردووکیان سەر بە یەکێتین، ئامرلییان کردووەتە قەزا و داوای لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی حزبەکەی کردبوو، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکات.
باسنیوز
