دەوڵەتی یاسا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی هەرێمی کوردستان دەکات

 دەوڵەتی یاسا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی هەرێمی کوردستان دەکات
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەترسیی هەوڵەکانی دەوڵەتی یاسا لە دژی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "هەوڵێکی جددی لەلایەن ئیئتیلافەکەی مالیکییەوە هەیە”.

خەلەف عەبدولسەمەد، یەکێک لە سەرکردەکانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕای گەیاندووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پرسی دەستگرتن بەسەر كێڵگە نەوتییەكاندا لە لایەن پێشمەرگەوە، “كەمتەرخەم” بووە و پێویستە لە كەمترین كاتدا حكوومەتی مەركەزی دۆسیەی نەوت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستان یەكلا بكاتەوە. دەشڵێت: “بەغدا ئەگەر ناچار بكرێت، هێز بەكار بهێنێت”.

ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “ئەو پیاوە کەسێکی سەرکردایەتیی حزبی دەعوەیە و کەسێکی نزیکە لە نووری مالیکییەوە، کەسێکی شۆفێنی و دارەدەستی مالیکییە”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئێستا لەلایەن نووری مالیکییەوە هەڵمەتێک بۆ قسەکردن لە دژی هەرێمی کورستان و فشار دروستکردن لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە. دەشڵێت: “دەیانەوێت شکستی خۆیان بشارنەوە، چونکە ئاگادارین چۆن دەوڵەتی یاسا پیلان لە دژی هەرێمی کوردستان دادەنێت".

ئەو ئەندامە کوردەی پەرلەمانی عێراق ئەوەی نەشاردەوە کە: "هەوڵێکی جددی هەیە لەلایەن دەوڵەتی یاساوە، بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ئاڵۆزتر بکات، ئێستاش هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لەدژی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەک گوێ بە هەڕەشەی دەوڵەتی یاسا نادەین".











باسنیوز
Top