جەمال مورتکە: پێشمەرگە لەسەر خۆپاراستن لە چەکی کیمیاوی ڕادەهێندرێت
جەمال مورتکە، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ، رایگەیاند: “ئەو چەکە ئێستا نییە لە کوردستان بەکار هێنرابێت، لە ساڵی 1986 و لە شۆڕشی گوڵان، سەدام حوسێن لە دژی کوردستان بەکاری هێناوە، بەتایبەت لە دۆڵی بالیسان و چەند ناوچەیەکی دیکە، بۆیە ئێمە پێشووتر زانیاریمان لەسەری هەبوو، ئێستاش ئەو چەکە لەدژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەکار هێنراوە، بەتایبەت گازی کلۆر”.
فەرماندەکەی پێشمەرگە ئەوەشی ڕوون کردەوە: “من پێشووتر هەندێک زانیاریی سەرەتاییم دایە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبارەی خۆپارێزی لەو چەکە، وەک بەکارهێنانی ئاگر و جل و بەرگی نایلۆن و ئاو، ئەو کەتیبەی ئێستا لەوەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنراوە، بۆ ئەو پرسە دواکەوتووە، بەڵام ئێستاش هەر باشە و بناغەیەکە بۆ خۆپارێزیی پێشمەرگە لە چەکی کۆکوژ دروست دەکات".
جەمال مورتکە جەختی لەوە کردەوە: “مادام دوژمنمان هەیە، دەبێت پێشمەرگە چاوەڕوانی هەموو ئەگەرێکی دوژمن بکات". بە دووریشی نەزانی کە ڕێکخراوی توندڕەوی داعش چەکی کیمیاوی مابێت.
بە گوتەی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، لە ماوەی ڕابردوودا ڕێکخراوی توندڕەوی داعش، تەنیا لە میحوەری گوێڕ، 5 جار بە چەکی کیمیاوی هێرشی کردووەتە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
باسنیوز
